ئینسکلۆپیدیای پارێزگای هەڵەبجە

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٢/١٢/٢٨ کۆبوونەوەیێکی تایبەت لە تەلاری بنکەی ژین کرا بۆ قسە و گفتوگۆ سەبارەت بە چۆنایەتیی ئامادەکردنی ئینسکلۆپیدیایێکی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە کە “زانکۆی هەڵەبجە” و “ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری” ئەرکی بەجێ‌هێنانیان گرتووەتە ئەستۆ و خێرخوازێکی ناوچەکەیش ئامادەگیی نیشان‌داوە هەموو خەرجییەکی ئامادەکردنی بکێشێ و بە کتێبیش لەچاپی‌بدا. ژمارەیێکی گونجاو لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزای بواری کتێبخانە و بیبلیۆگرافیا بەشداری کۆبوونەوەکە بوون و پاش وتووێژێکی ورد و هەمەلایەنە بڕیاریان لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ دا، کە بەزۆری پێووەندییان بە لایەنی تەکنیکیی پڕۆژەکەوە هەبوو، لەوانە ناوی “بیبلیۆگرافیای پارێزگای هەڵەبجە” بێ، بەپێی پیتەکانی ئەلفبێ ڕێک‌بخرێ و قەوارەکەی ئا٤ بێ.
جێی باسە، پڕۆژەکە لە ڕۆژی ٢٠٢٢/٥/٨ دا بە فەرمی ڕاگەیێندراوە، ئامادەکەرانی چەندین جار بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەتەوە و ئەنجومەنێکی ڕاوێژکارییان پێک‌هیناوە و کەرەستەیان وەک قۆناغی یەکەمی کارەکە کۆکردووەتەوە و فۆرمی ڕاپرسیشیان بڵاوکردووەتەوە. “بنکەی ژین” سەرکەوتن بۆ ئەم پڕۆژە شارستانییە دەخوازێ و ئامادەگیی هەموو جۆرە هاوکارییێکی هەیە بۆ سەرخستنی و سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ ئامادەکەران و هاوکاران داواکارە.