ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆی ئیتاڵیایی، بەڕیز ستیفانۆ ناننی، کە ڕۆژی ٢٠٢٦/٨/١٨ سەری لە بنکەکەمان دا و هەموو یەکە و بەشەکانیی بەسەرکردەوە، وتارێکی لە ژمارەی ڕۆژی ٢٠٢٦/٨/٢٦ی ڕۆژنامەی ئیتاڵیاییی L`ECO DI BERGAMOدا سەبارەت بە ‘بنکەی ژین’ بڵاوکردەوە، هەر خۆیشی دەقە ئینگلیزییەکەی بۆ ناردین، پێویستمان بینی وەرگێڕانە کوردییەکەی بخەینە بەرچاوی خوێندەواران:
مێژووی کورد بیرەوەرییەکی زیندووە لە ‘بنکەی ژین’
ڕاپۆرتی: ستێفانۆ ناننی
وەرگێڕ: کامەران جەمال محێدین
بە بوونی نزیکەی ٨٠،٠٠٠ کتێب و وێنە و دەستنووس، بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین لە سلێمانی، کوردستانی عیراق، چەندین ساڵە بووەتە دامەزراوەیەکی کلیلی بۆ تۆمارکردنی مێژووی کورد.
میللەتی کورد، کە لە چەند وڵاتێک دابەشکراوە، گەورەترین کۆمەڵگەی بێدەوڵەتن لە جیهاندا. زیاتر لە سی ملیۆن کەس لە وڵاتانی ئێران، عیراق، سووریا و تورکیا دەژین، لە کاتێکدا هەوڵی سەربەخۆیی هەمیشە لاوازە، نەک تەنها بەهۆی ناجێگێریی ناوچەکەوە، بەڵکوو بەهۆی دابەشبوونی سیاسی و زمانەوانیی کوردان خۆیانەوە. لە سلێمانی، کە دەکەوێتە ناوچەی نیمچە سەربەخۆی کوردستانی عیراقەوە، بنکەیەک هەیە چەندین ساڵە هەوڵدەدا بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵببێ، بە کاری ئارام، بەڵام بەرز نرخێنراوی کولتووری.
ئەوە ‘بنکەی ژین’ە، دامەزراوەیەکی گەورەی ئەرشیفییە، خۆی تەرخانکردووە بۆ پاراستنی مێژوو و ئەدەبی کورد؛ ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە، ئامانجی پڕکردنەوەی بۆشایییەکی بنچینەیییە؛ ئەویش ڕێکخراوێکی سیستەمدارە بۆ مێژووی کورد. سدیق ساڵح، هاودامەزرێنەری بنکەی ژین لەگەڵ براکەی، مامۆستا ڕەفیق، دەڵێ: “ئەگەر ڕۆژێک دەوڵەتی کوردی دابمەزرێ، بەبێ ئەرشیفێکی نەتەوەیی و مێژوویەکی بەڵگەدار، هیچ کاتێک بە تەواوبوون ناگا”. هەردوو براکان سۆزێکی زۆریان هەیە بۆ مێژوو و کولتوور، بیستودوو ساڵ بەر لە ئێستە، خەونێکیان خستە سەرپێ کە ساڵی ١٩٩١ لەلایان دروستبووبوو، ساڵی بێداربوونەوەی ڕاپەڕینی کوردی عیراق لەدژی ڕژێمی سەددام.
“ئێمە پێش ئەوەیش خەریکی کۆکردنەوەی کتێب و دەستنووس و وێنە و بابەتیتری کۆن بووین، کە لە هاوڕێ و خزم و خەڵکی خوێندەوار دەستماندەکەوتن. بەڵام کەوتنی سەددام لە ٢٠٠٣دا تەوژمی داینێ بۆ ئەوەی دڵنیابین کە ئێمەی کوردیش چیرۆکی خۆمانمان هەبێ، لەجیاتیی ئەوەی هەمیشە پشتببەستین بە سەرچاوەی دەرەکی کە لەوانەیە بێلایەن نەبێ یا ناتەواوبێ”.
چەند ساڵێک دوای دەستپێکێکی سادە، کە لە خانوویەکی ١٥٠ مەتریدا دامەزران و ساڵانە بیست تا سی کتێبیان لەچاپدەدا، شارەوانیی سلێمانی پارچەیەک زەویی بۆ تەرخانکردن، بە وەرگرتنی کۆمەکێکی دارایی توانرا بینایەکی چوار نهۆمیی بۆ دروستبکرێ کە ژێرزەمینێکی گەورەی هەیە. لەڕاستیدا لێرەوە کاری مشتوماڵدان و ئەرشیفکردن دەستی پێکرد، ژمارەیەکی زۆری گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب و وێنەی کێشراو و فۆتۆگراف و دەستنووس بەدەستهاتوون، کارێک کە زۆر لەو سەرەتایە تێپەڕیکردووە کە بریتیبوو لە کۆکردنەوەی ڕۆژنامەی کۆن. کامەران، بەڕێوەبەری کارگێڕی و لۆجیستیی بنکە وتی: “ئێمە بابەتەکان لە ژینگەیەکی گونجاودا هەڵدەگرین، بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێبکەین لە خراپبوونی زیاتر و دەستدەکەین بە جیاکردنەوە و پۆلێنکردنیان”. گەڕانێکی پێکردین بەناو هەموو بەشەکانی بنکەی ژیندا کە مەحاڵە خۆت وننەکەی لەناو شەشسەد ساڵ مێژوودا، کە زیاتر لە ٠٠٠,٧٢ کتێب، ٠٠٠,٢ گۆڤار، ٣٠٠,١ دەستنووس و سەدان وێنەی نەخشێنراو و فۆتۆ دەیگێڕنەوە.
لەناو پڕبەهاترین کارەکاندا کە کۆپییەکی کۆنترین کتێبە دەربارەی مێژووی کورد نووسرابێ، ئەویش ‘شەرەفنامە’یە کە ساڵی ١٥٩٧ بەزمانی فارسی نووسراوە، هەروەها کۆکراوەی دەگمەنی یەکەم فۆتۆگرافەری کوردی کە لە ستۆدیۆکەیەوە هاتووەتە بنکەی ژین، ئەویش ‘فۆتۆ ڕەفیق’ە. بەهۆی ئەو فۆتۆیانەوە دەتوانین باری کۆمەڵایەتی و کولتووری و بەرەوپێشچوونی شاری سلێمانی بزانین، کە وەک پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێم ناسراوە.
تەنها ئەوە نا، قەبارەی گەورەی ئەو بەڵگانە بەشدارە لە دووبارە بیناکردنەوەی مێژووی عیراق و وڵاتانی دراوسێدا کە لەناو هەوڵێکی ئەرشیفیی دەگمەندا ناوچەکە بەیەکەوە دەبەستێ، لە کاتێکدا بەدەست دابەشبوون و کێشمەکێشێکی بێزارکەرەوە دەناڵێنێ. نموونەیەکی ئەمە، بریتییە لە نامیلکەیەکی ساڵی ١٩٦٢ کە زانای عیراقی تۆفیق وەهبی بە توێژینەوەیەکی وریا و مێژوویی توانیویەتی ئەو کڵێشەیەی دژی ئێزدییەکان چنراوە، هەڵبوەشێنێتەوە و بەدرۆبخاتەوە، ئێزدییکان کەمینەیەکی بە ڕەگەز زەردەشتین و لەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن داعشەوە جینۆسایدکران.
سدیق ساڵح جەختدەکاتەوە کە : “ڕێزنانی ئێمە لە مێژوو، لە ناوی بنکەوە دەستپێدەکا”، وەک ئاماژەیێک بۆ ئەو گۆڤارە پڕ کاریگەرییەی کە دوای یەکەم جەنگی جیهانی کۆمەڵێک دانای سەرکوتکراوی کورد دایانمەزراند و بە هەردوو زمانی کوردی و تورکیی عوسمانی بڵاودەکرایەوە. ئەو گۆڤارە ‘ژین’ بوو. سدیق ساڵح بەردەوام بوو، وتی: “لەوە زیاتریش، دوای کەوتنی سەددام و ڕاپەڕینی ١٩٩١، وشەی ژین بەڕوونی بووە ئاماژە بۆ زیندووکردنەوەی کەلەپووری کوردی. ئەوەیش ئەو کارەیە کە ئێمە بە سەختی خەریکین، بە هەوڵی بیناکردنی بیرەوەرییەکی کوردیی بێلایەنی -لە هەمان کاتدا- پەیوەست بە دەوروبەری خۆیەوە”.
سەرباری زۆر وریایی و بەکارهێنانی تەکنیکی بەرز لای کارمەندانی بەشی مشتوماڵدانی کەرەستەی ڕۆشنبیری، خولێکی ڕاهێنانیان بینیوە کە دامەزراوەی گەشەپێدانی ئیتاڵیایی کۆمەکی داراییی کردبوو.- بنکەکە هاوکات لە هەوڵەکانیدا بۆ دیجیتاڵکردنی بابەتەکان دەرکەوتووە و لەم دوایییانەدا خەریکی پڕۆژەی مێژووی زارەکییە. سدیق ساڵح دەڵێ: “ئێمە هەموو توانای خۆمان دەخەینەکار، بەردەوام تواناکانمان برەو پێدەدەین و هیوامان پاڵپشتییەکی فەرمی جێگیرە”. خەفەتێکی توند ناشاردرێتەوە لەوەی کە حکوومەتی هەرێم یارمەتییەکی جێگیریاننادا. “ئێمە کارێکی گشتی دەکەین کە دەبێ بەرپرسیارێتیی حکوومەت بێ. لەگەڵ ئەوەیشدا، پشتیوانیی گەورە و فراوانی بنەماڵەکان و خەڵکمان بەدەستهێناوە، کە بەکردەوە پشتگیریماندەکەن و بابەتمان پێدەبەخشن. پاشانیش ئێمە ئەو کارانە بۆ خەڵک دەکەین، بەتایبەتی بۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆ ئەوەی ئەوان، لەبەرامبەردا، لەسەر بنەمای مێژوویەکی زیندوو داهاتووی خۆیان بینابکەن”.
[تێبینی: ستێفانۆ ناننی ژمارەی کەرەستە کۆکراوەکانی لە بابەتێکی ساڵی ٢٠٢٢ وەرگرتووە کە لە گۆڤاری ‘ناشناڵ جیۆگرافی’دا سەبارەت بە ‘بنکەی ژین’ بڵاوبووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو ژمارانە ئێستە گۆڕاون و زۆر زیادیانکردووە.]
