دیارییەکانی فیدراسیۆنی جیهانیی کورد KWF

پاش‌نیوەڕۆی هەینی ٢٠٢٦/٨/٧ بەڕێز محەمەد نەجم تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی جیهانیی کورد KWF، ١١ یازدە ئامێری گەورەی هەوا پاکژکردنەوە و ٢ی بچووکی هەمان ئامێری بەدیاری پێشکەشی بنکەکەمان کرد، بۆ دانانی لەو شوێن و ژوورانەی بنکەی ژین‌دا کە هەوایان بەهۆی ماندوویی و کۆنیی کەرەستە هەڵگیراوەکانەوە بەگشتی ناسازە.
ئەم دەست‌پێشخەرییەی بەڕێزیان و دەزگاکەیان ڕێزلێگیراوە و پڕکردنەوەی کەلەبەرێکی دیاری ئەو کەموکووڕییە تەکنیکییانەیە، کە ژین لەبەر دیاریکراویی سەرچاوە دارایییەکەی نەیتوانیوە دابینیان‌بکا. جێگەی باسە، مامۆستا ڕێبوار عومەر کە خەمخۆرێکی لەخۆبوردووی پشتیوانمانە و هەمیشە لە هەوڵی ناساندن و دۆزینەوەی سەرچاوەکانی هاوکاری و پێشخستنی ‘بنکەی ژین’دایە، دەرفەتی ناسینی ئەم بەڕێزە و فیدراسیۆنەکەیی بۆ ڕەخساندنین. ئەوەبوو پێشتر ڕۆژی ٤/٧ لەگەڵ بەڕێزان محەمەد نەجم تاڵەبانی، ئەیووب جەلال، بەرپرسی بۆردی ڕاگەیاندن و بەڕێز هەندرێن کاوە عەبدولقادر، ئەندامی بۆردی پەیوەندییەکانی فیدراسیۆن سەریان لە ژین دا. کاتێکیش ئەو بەڕێزانە لە جۆر و ناوەڕۆکی کار و چالاکییەکانی دەزگاکەمان دڵنیابوون، بڕیاریان دا ئەمەودوا ئەوەی پێیان‌بکرێ بۆ گەشەپێدانی بیکەن.
ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ژین -بە قەدرزانینەوە- سوپاسی گەرمی ئەم بەڕێزانە و فیدراسیۆنی جیهانیی کورد KWF دەکا و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێ. کاری هەمووان بۆ خزمەتی بێ‌گەردی گەل و نیشتمان ڕاست‌بێ.