ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، نیگەرانە بە لەدنیادەرچوونی بەهەشتی نەوزاد قەفتان، کە نموونەی ڕۆشنبیرێکی لەخۆبوردوو و بەخزمەت و خەمخۆری کوردەواری بوو؛ وەک چۆن لەو کاتەوەی وا لە ئەڵمانیا جێگیربوو، لە خزمەتی خۆبەخشانەی ماددی و مەعنەوی نەکەوت، ئاوایش ساڵی ٢٠١٥ خۆبەخۆ دەستپێشخەریی نوواند و ماوەی ساڵێک کۆمەکێکی داراییی دیاریکراوی بۆ چالاکییەکی ژین بڕییەوە.
جێگەی باسە، پێشتریش حاجی محەمەدی ڕەحمەتیی باوکی، کاتی خۆی لە ١٩٥٧دا “چاپخانەی کامەرانی”ی لە سلێمانی دامەزراند، خۆی و کوڕەکانی (یادی مردووەکانیان بەخێر و تەمەندرێژیش بۆ زیندووەکانیان) ساڵانێکی درێژ بەڕێوەیانبرد و خزمەتێکی گەورە و شایانی ڕێزی ڕۆشنبیری و چاپەمەنیی کوردییان کرد.
ژین کە پشتیوان و دۆستێکی ئازیز و هاوکارێکی خۆی لەدەست دا، خەمبارە بە کۆستی ناوادەی ئەم مرۆڤە خۆنەویستە بەخشندەیە، هەر ئەوەندی پێدەکرێ سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و دۆستان و هەمووان بکا. گیانی کۆچکردوو شادبێ و یادی بەخێر.
ژیاننامەی کۆچکردوو:
نەوزاد کوڕی حاجی محەمەدی حاجی عەزیزی قەفتانە. ساڵی ١٩٥٦ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە. سەرەتاییی ١٩٧٠ لە قوتابخانەی خالیدییە و ئامادەییشی هەر لە سلێمانی تەواوکردووە. ١٩٧٤ لەبەر چالاکیی کوردی گیراوە و خراوەتە زیندان، ١٩٧٥ بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە و بەربووە. ١٩٧٧ نامیلکەی “ترووسکایییەک لە ژیانی حەسەن زیرەک”ی بڵاوکردووەتەوە. ١٩٨١ ڕوویکردووەتە هەندەران و تاسەر لە ئەڵمانیا گیرساوەتەوە و ژیاوە. لەوێ، فەرهەنگی ئەڵمانی- کوردی و کوردی- ئەڵمانیی بۆ یارمەتیی پەنابەرانی کورد داناوە و لەچاپداوە و هاوکارییەکی دڵسۆزانەیشی کردوون. جگە لەوە، نەخشێکی بەرچاوی لە دامەزرانی “ناوەندی کولتووری کوردی”دا هەبووە لە شاری نۆرنبێرگ و خەرجیی لەچاپدانی ٣٦ کتێبیشی کێشاوە. بەداخەوە ئەم دوایییە نەخۆشکەوت، هەتا دواجار ڕۆژی ٢٠٢٦/٧١٣ کۆچی یەکجاریی کرد.