بنکەکەمان، بە دەستپێشخەری و باربووی بەڕێز دکتۆر دیار عەبدولقادر -ئەندامی دەستەی گشتی- قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی سەکۆی توێژینەوەکانی ژیریی دەستکردی بۆ ناسینەوەی دیجیتاڵیی گۆڤاری گەلاوێژ لەگەڵ کۆمپانیای بەجێهێنەری بریتانیایی نیووسۆشیال NewSocial بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا و قۆناغی دووەمیشی ئەم ڕۆژانە دەست پێدەکا.
ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە کاری نووسینەوەی دەقی تەواوی ژمارەکانی هەر ١٠ ساڵی تەمەنی گۆڤارەکە بە شێوەنووسینی نوێ و پاراستنی پیتە عەرەبییە کۆنەکان لە ڕێگەی وێنەی دیجیتاڵیی لاپەڕەکانەوە. کارەکە؛ دەبێتە بناغە بۆ دامەزراندنی ئەرشیفێکی قابیلی تێداگەڕان و ئەنجامدانی توێژینەوەی سیمانتیکی و دواجار لە قۆناغێکی سێیەمدا -ئەگەر بلوێ- بنیاتنانی وشەدانێکی مێژوویی – نوێی شێوەی کوردیی ناوەڕاست.
بنکەی ژین هیوادارە ئەم پڕۆژەیە -لە لایەکەوە- سەردەقشکاندن بێ و -لە لایەکیتریشەوە- هەنگاوێکی ژیرانە بێ بەرەو ئاسانکردنی کاری توێژینەوە و بەدواداگەڕان و دامەزراندنی سیستەمێکی پاراستنی کولتوور و زانیاریی مێژووییی کوردی پشت بە ژیریی دەستکرد.