ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز، سەعات ٤ی پاشنیوەڕۆی یەکشەممە ٢٠٢٦/١١/٨، ڕێوڕەسمێکی لە هۆڵی سالمی ئوتێلی ڕامادا سازکرد بۆ بەخشینی شەشەمین خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز بە بنکەکەمان.
ئەم چالاکییانەی تێدا بەجێهێنران: ڕاگوزەرێک بەناو ژیانی ئەدەبی و ڕووناکبیریی م. گیو موکریانی، وتاری م. محەمەدفەریق حەسەن سەبارەت بە م. گیو موکریانی، داگیرساندنی مۆمی ٩٣ ساڵەی لەدایکبوونی د. جەمال نەبەز لە لایەن م. محەمەدئەمین پێنجوێنییەوە، وتاری د. مەریوان عومەر دەوڵەت دەربارەی کتێبی “ئەلفوبێی لاتینی لەنێوان یار و نەیارانیدا، وتاری د. حەیدەر لەشکری- ئەندامی دەستەی شارەزایانی ٢٠٢٦ بۆ ئاشکراکردنی براوەی خەڵات، بەخشینی خەڵاتی قەڵەمی زێڕین لە لایەن خاتوو نەرمین عوسمانەوە بە م. ڕەفیق ساڵح- بەڕێوەبەری بنکەی ژین، سوپاسگوزاریی بنکەی ژین لەلایەن سدیق ساڵحەوە، وتاری د. هەڤاڵ ئەبوبەکر– پارێزگاری سلێمانی، وتاری بەڕێز عەتا مەحموود- ناوەندی کارۆ، شیعرێکی بەڕێز باست حەمەغەریب بۆ کۆچیدواییی د. جەمال نەبەز، چەند گۆرانییەکی ڕەسەنی کوردی بە دەنگی هونەرمەند دڵشاد سەڵاح داودە و بە هاوکاریی کۆمەڵەی هونەری میللیی کوردستان و سەرپەرشتیی هونەرمەند جەزای ساز، وتاری ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز لە لایەن خاتوو شاناز جەمالەوە.
بنکەی ژین، پێویستی دەبینێ سوپاسی زۆری بەڕێزان ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز و لیژنەی دیاریکردنی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٦ی بکا، کە دڵسۆزانە بەسەریانکردەوە و بە شایستەی ئەم خەڵاتەیان زانی. هاوکات سوپاسگوزاری هەموو ئەوانەیەنە (بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی و کەس و حیزب و لایەن و بنەماڵە بەڕێزەکانەوە، کە لەبەر زۆرییان -بێچاوێنیبن- ناتوانین لێرە ناویان ڕیزبکەین و لای خۆمان بەبێ ناوبوێرکردن لە تۆماری نووسراودانی هاوکاراندا جێکراونەتەوە) کە بەبێ جیاوازی بەردەوام پشتیوان و هاوکار بوون و جێپەنجەیان لە کارە هەرەوەزییەکانی ژیندا هەبووە. جگە لەوە، سوپاسی هاوڕێیانی دەستەی گشتی و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و دەستەی کارمەندانی ڕێزدار دەکا، کە هەموویان بەدرێژیی ساڵانی ڕابوردوو هەوڵی سەرخستنی بەرنامە و پڕۆژەکانی ژینیان داوە و دڵسۆزییەکی کەموێنەیان نوواندووە؛ نموونەیان زۆربێ و سەرکەوتووبن.
خوا کاری هەمووان بۆ خزمەتی لەخۆبووردووانە و خەمخۆرانەی نیشتمان و گەل ڕاستبێنێ.

