بنکەکەمان خۆشحاڵە لەم سەروبەندی نزیکبوونەوەیەدا لە یادی دامەزرانی شاری سلێمانی، بەرهەمی پڕۆژەیێکی هاوبەشی خۆی و “ستۆدیۆی ژیریی دەستکردی هەڤاڵ”، کە بەڕێز ئەندازیار هەڤاڵ ئەبوبەکر عوسمان سەرۆکارییدەکا، بخاتە بەر چاو و گوێی بینەران و گوێگران.
کارەکە، بیرۆکەیێکی پێشنیازکراوی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” ـە بە سوودوەرگرتن لە گەنجینە دەوڵەمەندەکەی بەشی ‘وێنە و دەنگ و ڕەنگ’ و بەتایبەت کۆکراوەکەی فۆتۆ ڕەفیق بۆ بەرهەمهێنانی چەند ڤیدیۆیێکی جیاجیای شەقام و بازاڕ و گوزەرەکانی ساڵانێکی ڕابوردووی شاری سلێمانی. ئەندازیار هەڤاڵ ئەبوبەکر بەم تەکنیکەی ژیریی دەستکرد کە لەم ڤیدیۆسازییەدا بەکاریهێناوە، بە سوپاس و پێزانینێکی زۆرەوە، هونەر و سەلیقە و بەهرە و لێزانیی خۆی نوواندووە. نیازە ئەمەی بەردەست یەکەم بەشی زنجیرەیێکی لەم شێوەیە بێ، کە هیوامانە لە داهاتوودا بەرهەمبهێنرێ.