زنجیرەکتێبی خوێندنەوەی کوردی بۆ منداڵان- دکتۆر فەریاد فازیل

پێش‌نیوەڕۆی چوارشەممە ٢٠٢٦/٨/٥ بەڕێز دکتۆر فەریاد فازیل سەری لە بنکەکەمان دا. بەڕێزیان ٤٤ کتێبی لە “زنجیرەکتێبی خویندنەوەی کوردی بۆ منداڵان” کە بەرهەمێکی نوێ و ئامادەکراویەتی، بە دیاری پێشکەشی ‘بنکەی ژین’ کرد.
کتێبەکان بە تەرزێکی بەرز و جوانی هونەری و لە بەرگێکی ڕەقی ناوازەدا لەچاپ‌دراون، بابەتەکانیان هەڵبژاردەی کۆمەڵێک لایەنی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتین و بە زمانێکی سادە و ڕەوانی بێ‌گرێ‌وگۆڵ و بە وێنەی هەمەجۆر و ڕەنگاوڕەنگی وا ڕازێندراونەتەوە، کە بە ئاسانی سەرنجی منداڵان ڕادەکێشن و ئارەزووی تەماشاکردن و خوێندنەوەیان دەبزوێنن. جگە لەوە، دەقی تەواوی هەر کتێبێکیان بە دەنگ و مۆسیقاوە خوێندراوەتەوە و بە ئاسانی لە ڕێگەی باڕکۆدێکەوە پەیدادەکرێ و منداڵ دەتوانێ گوێی لێ‌بگرێ. دەست‌خۆشی لە کاکە دکتۆر فەریاد دەکەین و هیوامانە هەم لەش‌ساغ و تەمەن‌درێژ بێ و پڕۆژەکەی زیاتر برەوبستێنێ و هەم ئەم جۆرە بەرهەمە دانسقە و گرانبەهایانە بکەونە ناو هەموو ماڵێکی کوردی.