کۆتایی‌هاتنی خولی ڕاهێنانی پاراستنی کۆکراوەی ئەرشیفی

خولی مەشق‌پێکردنی شەش‌مانگیی پەیمانگەی توێژینەوەی ئەکادیمی لە عیراق (The Academic Research Institute in Iraq- TARII) سەبارەت بە هەنگاوەکانی هەڵگرتنی خۆپارێزانە و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی پاراستنی کتێبخانە و ئەرشیفەکان لە عیراق تا دەگا بە قۆناغی خۆئامادەکردن بۆ وەرگرتنی کۆمەکی دارایی (فەند)، بەشی یەکەمی دووحەفتەی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە بەغدا بەڕێوەچوو و دوو حەفتەی کۆتاییشی لە ڕۆژی یەک‌شەممە ٢٠٢٦/٦/١٤ەوە لەناو تەلاری ‘بنکەی ژین’ دەستی پێ‌کرد و پێنج‌شەممە ٢٠٢٦/٦/٢٥ وەک دوایین ڕۆژ کۆتاییی‌ پێ‌هێنرا.
بەوپێیە ڕێ‌وڕەسمێک سازکرا، کە لە سەعات ١٠ی بەیانییەوە دەستی پێ‌کرد و تا سەعات ١ی پاش‌نیوەڕۆی خایاند. بەڕێزان ڕەفیق ساڵح ئەحمەد (سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین)، بارق ڕەعد عەللاوی (بەڕێوەبەری گشتیی خانەی کتێب و بەڵگەنامە- دار الکتب والوثائق لە بەغدا)، فنکالی (لە ڕێکخراوی هێریتەیج)، باوە یووسف بۆنۆ عەجەم (بەڕێوەبەری کتێبخانەی سریانی)، د. محەمەد میعمار قاسم (بەڕێوەبەری پڕۆژەی پاراستنی بابەتە کەلەپوورییەکان)، کامەران جەمال محێدین (کارمەندی بەشداری بنکەی ژین)، نووری عیسا (لە ڕێکخراوی ئێزدیی ‘حیکایەت’)، قسەیان تێدا کرد.
پاشان هەریەکە لە بەڕێزان خاتوو سوندوس عەبدولقادر، بەڕێوەبەر لە خانەی کتێب و بەڵگەنامە و د. ڕۆژین کەمال، لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی/ زانکۆی سلێمانی، لە چۆنایەتیی پاراستی بەڵگەنامە و دەستنووسەکان دووان. لە کۆتایی‌دا هەمووان بەشداری خوانێکی بەکۆمەڵ بوون بۆ نیوەڕۆژەکردن لە ڕێستۆرانتی نارنج- گراند میللینیۆم.