پاشماوەی کۆکراوەکەی مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ

ڕۆژی ٢٠٢٦/٨/٢٩ پاشماوەی کۆکراوەکەی زانای گەورەی کورد، مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ، کە بریتی‌بوو کە کارتۆنێکی پێکهاتوو لە نامە، شەجەرە، وێنە، نووسینی دەستخەتی خۆی و ئەوراقی‌تر، لە لایەن بنەماڵە بەڕێزەکەیەوە -دیسان- بەدیاری پێشکەشی بنکەی ژین کرا، تا بخرێتەپاڵ کۆکراوەکەی کە ژوورێکی تایبەتی لە تەلاری ژین‌دا بۆ تەرخان‌کراوە.
بنکەکەمان، بەگەرمی سوپاسی ئەم بنەماڵە بەقەدرە دەکا کە بە متمانەوە کۆکراوە بەنرخەکەی خۆی خستووەتە بەردەست و بە مایەی شانازی و خۆشبەختیی خۆی دەزانێ کە شەرەفی پاراستن و خزمەتکردنی ئەم گەنجینە گرانبەهایەی کوردستانی پێ‌سپێردراوە و -بەدڵنیاییشەوە- نەک هەر دەیپارێزێ، بەڵکوو لە هەوڵێکی جیددی‌دا دەبێ بۆ زیندووکردنەوە و کارلەسەرکردنیان.
یادی ئەو ڕۆشنبیرە گەورەیە بەخێر، کە بە بەرهەمە دانسقەکانی و کۆکراوە سەنگینەکەی و دڵسۆزی‌نوواندنە تاسەرەکەی، ناچاری‌کردووین -وەک کەمترین وەفاداری- هەمیشە ناوی بەخێر بهێنین و -وەک شاگردانی ئەو میراتە دەوڵەمەند و بەهادارە- ڕێبازە پیرۆزەکەی بگرینە بەر.