ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٦/٦/٢٢ بنکەکەمان نووسراوێکی لێکتێگەیشتنی ئیمزاکرد لەگەڵ نوێنەرانی ‘سازییا زمانێ کوردی’، کە دەزگایێکی تایبەتمەندی خزمەتکردنی زمانی کوردییە لە شاری قامیشلۆی ڕۆژاوای کوردستان. لیکتێگەیشتنەکە زیاتر بۆ بنیاتنانی پێوەندی و هاوکاریی زانستیی نێوان هەردوو لایە بە بارێکدا کە خزمەتی زمانی کوردیی لێبکەوێتەوە. ژین، کە کۆکراوە و شارەزایی و ئەزموونی دەوڵەمەندی ساڵانێکی تێدا کۆبوونەتەوە، پێویستی دەبینێ بیخاتە پێناوی هەر پڕۆژەیێکی زانستیی خۆماڵی و خاوێن، کە -دواجار- خێرێکی گشتی بداتەوە.
ژین، لە کاتێکدا لای خۆیەوە دەستخۆشی لەو دۆست و ئازیزانە دەکا کە ئەو ڕێگەیەی خزمەتکردنی کوردەوارییان گرتووەتەوە بەر و لە هەوڵدان کارێکی جیددی لەم مەیدانە گرنگەدا بکەن، دەتوانێ بە کۆکراوەی کەرەستەی زمانەوانی و ئەدەبیات و فۆلکلۆری خۆی، هاوکار و یارمەتیدەری ئەو دەزگا زمانییە کوردییە بێ. جگە لەوە، ژین هەمیشە ئامادەیە بەپیر هەر داوایێکەوە بچێ کە ببێتە مایەی خزمەتکردن و گەشەپێدان و پێشخستنی زمان و ئەدەبیاتی کوردی. کاری هەمووان بۆ خزمەتی زانست و وشەی کوردی ڕاستبێ.