سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی پینجشەممە ٢٠٢٦/١٠/١ شاندێکی باڵای ڕۆشنبیرانی میسری کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان د. جەمال عەبدولجەواد- گەورەشارەزای زانستی سیاسی و پێوەندیی نێودەوڵەتی لە میسر و جیهانی عەرەبی، لیوا خالید عوکاشە- بەڕێوەبەری ناوەندی میسری بۆ هزر و لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، د. حەسەن ئەبوتاڵب- نووسەری ڕۆژنامەنووس و ڕاوێژکار لە ناوەندی ئەهرام بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیجی، شەریف شاهین- دیپلۆماتی میسری و باڵیۆزی پێشووتری میسر لە عیراق، د. شەریف عەبدولحەمید- توێژەرەوەی ئەکادیمی و خاوەند و سەرۆکی نووسینی گۆڤاری ‘کوردستان’ لە میسر و عادل فەخەرانی- ڕاگەیێن (إعلامي) و ڕۆژنامەنووسی پسپۆڕ لە کاروباری کوردیدا، بە یاوەریی بەڕێزان د. یاسین ڕەئووف، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میسر و سمکۆ هەڵمەت- نوێنەری تایبەتی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەریان لە بنکەکەمان دا.
شاندەکە لە سەرەتادا گشت یەکە و بەشەکانی لە نزیکەوە بینی و کاروباری هەریەکەیان بۆ ڕوونکرایەوە. پاشان بەڕێوەبەری ژین لە دانیشتێکی دۆستانەدا دووا و ئەم جۆرە سەردان و چاوپێکەوتنانەی بە پێویست و گرنگ زانی، تا هیچ نەبێ دەستبژاردەی ڕۆشنبیرانی عەرەبی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕاستیی مەسەلەکان ببن و ئەو ناحاڵیبوونە کە لای هاووڵاتیی عەرەبی هەیە سەبارەت بە کێشەی ڕەوای کورد بڕەوێتەوە.
پاشان بەڕێز عادل فەخەرانی ڕوونیکردەوە کە ساڵونیوێک زیاتر لە کوردستان بووە، ئەوە یەکەمجارە دەزگایەکی ئەرشیفیی وەها گرانبەها دەبینێ. ئەمجا د. حەسەن ئەبوتاڵب وتەیێکی جوانی پێشکەشکرد. سەرەنجام؛ شاندەکە سەرسامیی خۆی لە ئاستی کۆکراوەکانی ‘ژین’دا دەربڕی و خوازیاربوو شاندی ئێرەیش بانگبکرێنە میسر بۆ بیروڕاگۆڕكێ و دواجار پتەوکردنی پێوەندیی کولتووریی نێوان میسر و هەرێمی کوردستان.