وەشانخانەی پەیوەند، کە ساڵی ٢٠١٣ لە شاری وان دامەزراوە، یەکێکە لە دەزگا چالاک و بەخزمەتەکانی کوردستانی باکوور لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی و تورکیی تایبەت بە کورد و کوردستاندا و تا ئێستە ژمارەیەکی زۆر کتێبی لەچاپداوە. ئەم ڕۆژانە بەڕێز خالید سادینیی خاوەند و بەڕێوەبەری، لە سەردانێکی شاری سلێمانییدا، کۆمەڵێک بەرهەمی نوێی لەچاپدراوی دەزگاکەی گەیاندە بنکەکەمان.
ژین، دڵخۆشە بە کار و چالاکییەکە کولتوورییەکانی پەیوەند و بەگەرمی دەستخۆشی لەم وەشانخانە نازدارە دەکا کە هەمیشە کتێبخانەی کوردی بە سەرچاوەی دانسقە و گرنگی تایبەت بە زمان و فۆلکلۆر و مێژوو و ئەدەبیات و دەستنووسی کوردی ئاوەدان و دەوڵەمەند دەکا. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین بەڕێزەوە دەڕوانێتە ئەم دەسکەوتە کولتوورییەی کوردەواری و هیوای بەردەوامی و خزمەتی زیاتر بۆ ‘پەیوەند’ دەخوازێ.