پێشنیوەڕۆی چوارشەممە ٢٠٢٦/٧/٨ نوێنەرانی بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین و زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، بۆ درێژەپێدانی گفتوگۆی پێشتریان لە تەلاری ژین کۆبوونەوە و پێکهاتن دوادواکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ (٢٠٢٦) پێکەوە دیدارێک بە ناونیشانی “پیرەمێرد: پیری ڕۆژنامەنووسانی کورد”ەوە بۆ بەهەشتی حاجی تۆفیقی پیرەمێرد، ڕەمزێکی هەرەدیاری نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمی کوردەواری، ڕێکبخەن.
هەردوو لا -کەموزۆر- لەسەر وردەکارییەکانی ئەم دیدارە ڕێککەوتن. ئەم دیدارە هەوڵێکە بۆ هەم وەفادارینوواندن و هەم بە زیندوویی هێشتنەوەی ناو و شکۆی بەرزی بەهەشتی حاجی تۆفیقی پیرەمێرد لە ڕێگەی چەند لێکۆڵینەوەیێکەوە. گیانی پاکی ئەم کۆچکردووە مەزنە شادبێ و یادی بەخێر.