کەشکۆڵی مەحموود پاشای جاف بڵاوبووەوە

کاتی‌خۆی بە دەست‌پێشخەریی بەڕێز دکتۆر حەسەن جاف و خەرجی کێشانی بەڕێز نەوزەر جاف، “بنکەی ژین” هیمەتی نوواند هەردوو بەرگی “کەشکۆڵی مەحموود پاشای جاف”ی وەک خۆی لە چاپ‌دایەوە. ئەو کارە ئەوەندە باش بوو کە کەشکۆڵەکەی لە فەوتان ڕزگارکرد، چونکە وەکوو پێویست کەڵکی لێ‌نەدەبینرا. ئەم دواییە بە جیددی بیر لەوە کرایەوە ئەم کارە تەواوبکرێ، بەڕێز عەبدوڵڵا حەبیبی وەک شارەزایەکی ئەم بوارە بە سپاس و پێزانینێکی زۆرەوە، ڕاسپێردرا دەقی نووسراوی ئامادە بکا. ئەوەبوو بەڕێزیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکەی ڕاپەڕاند و بەڕێزان دکتۆر حەسەن جاف و هۆشمەند حەسەن فەهمی جاف و سەرتیپ جافیش بە سپاسەوە خەرجیی لە چاپدانیان کێشا و وەک لە چاپدراوێکی بنکەکەمان بڵاوکرایەوە.

ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەکەمان شادمانە کە ئەم پڕۆژەیە بە چاکی و بەبێ کەم‌وکوڕی بە ئەنجام گەێیندرا و سپاسی هەموو ئەوانەیش دەکا کە نەخشی بەرچاویان لە بەدیهاتنی ئەم کارەدا هەبوو.