ئەو خولی مەشقپێکردنە شەشمانگییەی پەیمانگەی توێژینەوەی ئەکادیمی لە عیراق (The Academic Research Institute in Iraq- TARII) سەبارەت بە هەنگاوەکانی هەڵگرتنی خۆپارێزانە و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی پاراستنی کتێبخانە و ئەرشیفەکان لە عیراق تا دەگا بە قۆناغی خۆئامادەکردن بۆ وەرگرتنی کۆمەکی دارایی (فەند)، کە بەشی یەکەمی دووحەفتەی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٦/٦/١٤ بەشی دووەمی لەناو تەلاری بنکەی ژین دەست پێکرا و تا ٦/٢٥ی ئەم مانگە دەخایێنێ.
خولەکە ٢٢ کەس بەشدارییان تێدا کردووە، کە لە دەزگاکانی شارانی وەک بەغدا، مووسڵ، هەولێر، ڕانیە و سلێمانییەوە هاتوون. خولی ئەمڕۆ بە قسەی بەڕێز ڕەفیق ساڵح، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین دەستی پێکرد کە ماوەی ٢٠ خولەک باسی بنکەی ژین و کۆکراوە هەمەڕەنگەکانیی کرد کە پارێزراون. پاشان هەریەکە لە بەڕێزان فن کالی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هێریتەیج، ئاماندا لۆنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکەری تاری لە عیراق و مامۆستایانی خولەکەیش: بەڕێزان د. مایا کۆمینکۆ، د. لین بەیدەر و د. نیکۆڵاس ساری، لە ڕێگەی سەرهێڵەوە قسەیانکرد و درێژە بە کارەکانی خول درا. جێگەی باسە، بەشداران لە کۆتاییی ئەم خولەدا بڕوانامەی شارەزایان پێدەدرێ.