بنکەی ژین و ژیریی دەستکرد

ڕۆژی ٢٠٢٦/٦/١٠ بەڕێزان ماجد عەللاوی، شارەزای بواری ئەندازیاری‌ و تەكنۆلۆژیا‌ و دکتۆر عەلی ئەعسەم کە لە نیوزسۆشیال لە لەندەنەوە هاتبوو، سەریان لە بنکەی ژین دا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاوکارییەکانی داهاتوو لە بواری زیرەکیی دەستکرد و ئەرشیفی دیجیتاڵی‌دا. بەڕێزان ڕەفیق ساڵح سەرۆکی ئەنجومەنی بەرێوەبردن و د. دیار عەبدولقادر ئەندامی دەستەی گشتی و کرمانج زرار ئەندامی ئەنجومەن پێشوازییان لێ‌کردن.
مەبەستی سەردانەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی زیرەکیی دەستکرد بۆ کۆکراوە ئەرشیفییەکانی بنکەی ژین لە پلاتفۆرمی نیوزسۆشیال‌دا. ئامانجی پڕۆژەکە پەرەپێدانی سیستەمێکە کە لەگەڵ زمانی کوردی و دەستوورەکەی‌دا بگونجێ، بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای OCR. دوای گفتوگۆیەکی ورد، هەردوو لا ڕێک‌کەوتن لەسەر ئەوەی کە ئەم دەست‌پێشخەرییە وەک پڕۆژەیەکی تاقیکاری مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. خواستی سەرەکی ئەوەیە گەنجینە بەنرخەکەی ژین بە شێوەیەکی دیجیتاڵی و پێشکەوتوو بخرێتە بەردەستی توێژەرەوەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و عیراق.
لە میانی گفتوگۆکەدا بەڕێز ڕەفیق ساڵح کورتەیەکی لەسەر گەشەسەندنی مێژووییی زمانی کوردی و ڕۆڵی گرنگی مونەووەرانی کورد لە پەرەپێدان و دامەزراندنی ڕێنووسی کوردی‌دا باس‌کرد. لە کۆتایی‌دا، میوانەکان یەکە و بەشەکانی ‘بنکەی ژین’یان بەسەرکردەوە و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو گەنجینە دەوڵەمەندە دەربڕی کە کۆکراوەتەوە و پارێزراوە.