هاوکاریی زانستیی نێوان بنکەی ژین و پەیمانگەی دەستنووسی عەرەبی (معهد المخطوطات العربیة)

پێش‌نیوەڕۆی دووشەممە ٢٠٢٦/٦/٢٢ بەڕێز ڕەفیق ساڵح، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، لە ڕێگەی بەرنامەی سەرهێڵی پێوەندیی بینراوەوە، لەگەڵ بەڕێز دکتۆر مووسا عەبد دەرب جبووریی بەڕێوەبەری پەیمانگەی دەستنووسی عەرەبی لە میسر، کۆبووەوە.
سەرەتا دکتۆر مووسا، پاش سڵاو و بەخێرهێنان، نەخشی بەرچاوی دەزگا کەلەپوورییەکانی جیهانی ئیسلامیی لە پاراستن و خزمەتکردنی سامانی دەستنووسی عەرەبی‌دا بەرز نرخاند. پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی بنکەی ژین پوختەیێکی هەمەلایەنەی سەبارەت بە کار و ئامانج و پڕۆژەکانی ژین، بەتایبەت لەبارەی ئەو کۆمەڵە دەستنووسەوە کە کۆی‌کردوونەوە و مشتوماڵی‌داون و پاراستنوونی و خستوونیە بەردەست بۆ توێژینەوە و کارلەسەرکردن، سەرباری بڵاوکردنەوەی چوار بەرگ پێڕستی وەسفیی دەستنووسەکان، پێشکەش‌کرد.
هەردوو لا لە کۆبوونەوەکەدا لە کەم‌وکووڕی و نەبوونی بودجەی پێویست دووان و جەختیان لە بنیاتنانی پردی پێوەندی و دەستکردن بە ئامادەکردنی بەرنامەی هاوبەشی مەشق و ڕاهێنان کردەوە، بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی توانایی و لێزانیی پسپۆڕانی ئەم بوارە گرنگە.