ماوەی پێشوو بەشێکی دیاری بڵاوکراوەکانی بنکەکەمان کێشە لە کرانەوەی پیدیئێفەکەیاندا هەبوو، سا یا قورسبوون و نەدەکرانەوە، یان کێشەیتری تەکنیکییان تێدابوو. ئەمە لە ئاستی داواکاریی ژمارەیەک بەدواداچووی بڵاوکراوەکاندا ناڕەحەتیکردبووین.
ڕاستی پڕکاری و کەمدەرفەتی و کەمژمارەییی کارمەندانمان کارێکیان پێکردووین کە زۆرجار ناپەرژێین وەکوو پێویست هەندێ ئەرکی گرنگی وەک ئەم مەسەلەیەی جێباسمان ڕاپەڕێنین. کاکە کرمانج زرار، بەرپرسی یەکەی بەڵگەنامە و هەڵسووڕاوی کاروباری تەکنیکیمان، کاری ڕاستبێ، ئەم دوایییە لێبڕا بۆ ئەم کارە و دواییی بەم کێشەیە هێنا. بۆیە لێرەوە ئەو دۆست و ئازیزانەی وا مەبەستیانە بڵاوکراوەکانمان -بە کتێبەکان و گۆڤاری ‘ژین’یشەوە- ببینن، دەتوانن بچنە سەر پێگەی ئەلکترۆنیمان و بەئاسانی بیانخوێننەوە یا دایانبگرن. بنکەی ژین، شادمانە ئەگەر بتوانێ داوای خوێندەوارانی بەرهەمەکانی خۆی بەجێبهێنێ.