گەیشتنەوەی پاشماوەی کۆکراوەکەی تۆفیق وەهبی

پێش‌نیوەڕۆی چوارشەممە ٢٠٢٢/١٢/١٤ خاتوو ڕێناس حەسەن بابەکر، کە دۆست و هاوکارێکی خەمخۆری بنکەکەمانە، بە سوپاس و پێزانینێکی زۆرەوە، دوو بۆکس‌فایەلی گەورەی لە پاشماوەی کۆکراوەکەی خودابەخشیو تۆفیق وەهبیی زانای کوردی لە بریتانیاوە گەیاندەوە بنکەی ژین. ئەم بەشە لە کۆکراوەکە لای خاتوو ڕۆزمێریی هاوسەری ڕەحمەتی دکتۆر سزای کوڕی تۆفیق وەهبی بوو. خاتوو ڕێناس خۆی و کاکە یادەی هاوسەری سێ‌جار سەریان لەو خاتوونە دا لە شارۆچکەیێکی نزیکی لەندەن و چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیییان لەگەڵ تۆمارکرد و پاشان ئەم کەرەستانەیان بە ئەمانەت لێ‌وەرگرت. خاتوو ڕێناس کە ئەم ماوەیە بە سەردانێکی کاروباری خۆی هاتەوە بۆ سلێمانی، ئەم کەرەستانەی لەگەڵ خۆی هێنایەوە و ڕادەستی “بنکەی ژین”ی کردن. بنکەکەمان بەوپەڕی پێزانینەوە سوپاسگوزاری هەم خاتوو ڕۆزمێرییە کە بە متمانە و خۆشحاڵییەوە ئەو پاشماوەیەی پێ‌سپارد و هەم بەڕێزان خاتوو ڕێناس و کاکە یادەیش کە لە خۆیان بوردن و ئامادەبوون ئەرکی سەردان و تۆمارکردنی بیرەوەری و هێنانەوەی کەرەستەکان بخەنە ئەستۆیان، نموونەیان زۆربێ و سەرکەوتووبن.