هێنانەوەی ٣٣ سی‌وسێ کارتۆن کتێب و بەڵگەنامەی دکتۆر کەمال فوئاد

بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دکتۆر کەمال فوئاد، وەک پێشتر بڕیاریان دابوو، کتێبخانەکانی خوالێخۆشبووان دکتۆر کەمال فوئاد و دکتۆر ئیحسان فوئادی برایان پێشکەشی بنکەی ژین کرد. ئەوە بوو پار کتێبخانەکەی ناو سلێمانیی هەردووکیان گواسترانەوە بۆ بنکە. ڕۆژی سێ­شەممە ٥\٩\٢٠١٧یش ٣٣ سی­ وسێ کارتۆن کتێب و بەڵگەنامەی دکتۆر کەمال فوئاد، لە چوارچێوەی هەمان ڕێککەوتندا لە بەرلینەوە، بە هاوکاریی بەڕێز مامۆستا فەریاد فازڵ عومەر و کاری جوێکردنەوە تێداکردنی بەڕێزان پەیمان عومەر و ئەڤین ڕەفیق، گەیشتەوە کوردستان. بنکە، وەک پێشتر، هەر بابەتەیان جیادەکاتەوە و پۆلێنێکی سەرەتایییان دەکا، تا ئەو دەمەی هۆڵی تایبەت و تەرخانکراوی ئەم مەبەستە، کە برای دڵسۆز هاوبیر ئەنوەر برزوو –بە سپاس و پێزانینێکی زۆرەوە- خەرجیی ئامادەکردنیی بۆ کتێبخانە گرتووەتە ئەستۆ، بە تەواوبوون دەگا. ئەنجومەنی بنکە، وەرگرتن و پاراستنی ئەم گەنجینەیە لای خۆی، بە دەستکەوتێکی گرنگ و گەورە دەزانێ.

جێی وتنە، ئەو کۆکراوەیە لە ١٢٠ کارتۆندا هەڵگیرابوو. لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری لەوانە بوو کە لە کوردستانیش هەن و باشتر وابوو لە کتێبخانەکانی هەندەرانیش هەبن، پێویست نەبینرا بهێنرێنەوە و لەوێ بەجێ­ هێڵران، تا بدرێنە کتێبخانەیەکی ئەوێ.