گواستنەوەی كتێبخانەی هیلال ناجی

ڕۆژانی ٢٢\١٢\٢٠١٦ و ٢٥\١\٢٠١٧ كتێبخانەی تایبەتی خوالێخۆشبوو هیلال ناجی، ڕۆشنبیر و نووسەری گەورەی عیراق، بە دوو كاروان بە پێشكەشی گەیێندرایە بنكە. كاروانی دووەمیان بەڕێز بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، -بە سپاسەوە- هیممەتی تێدا نوواند و پێشکەشی کرد، تا ئەو کۆکراوەیە پێکەوە دابنرێ. ئەنجومەنی بنكە بڕیاری دا دوو ژووری نهۆمی دووەمی تەلاری ژین لێك بدرێ‌ بۆ ئەم كتێبخانەیە و هەوڵ بدرێ‌ هەموو دەستنووس و نامە و پاشماوەیەكی ئەو زاتەی تێدا كۆبكرێتەوە، وەك وەفادارییەك بۆ هەڵوێستی مرۆدۆستانەی دەرهەق بە مەسەلەی كورد، دواجار ڕێ‌‌وڕەسمێكیش بۆ كردنەوەی سازبكرێ‌. بەڕێز سەلام قەزاز بە سپاسەوە دەست پێشخەریی كرد كە لەم تەنگانە دارایییەدا بە هانای بنكەوە هات و بڕیاری دا خەرجیی دروستكردنی ڕەفە و تاقەكانی كتێبی ژوورەكە لە ئەستۆ بگرێ‌.