یەکێک لە کۆکراوە گرانبەهاکانی ناو بنکەی ژین، کۆکراوەکەی ڕۆشنبیری گەورەی عیراقی، خودابەخشیو هیلال ناجییە، کە شوێنێکی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە و بریتییە لە ١٠٨٧٠ کتێب و ١٧٢ گۆڤار و ڕۆژنامەی هەمەجۆر. ئەم کۆکراوەیە لە ڕووی ئەدەبی و کەلەپوورییەوە گەنجینەیەکی بەنرخە، پتر لە ٢ دوو ساڵ کاری بەردەوامی پۆلێنکردن و ڕێکخستن و پێڕستکردنی تێدا کرا و سەرەنجام بەئەنجام گەیێندرا.
بنکەکەمان بە شانازییەوە ئەم کۆکراوەیەی لای خۆی پاراستووە و پێویستی دەبینێ سوپاسی بەڕێزان زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی ڕۆشنبیریی سلێمانی بکا کە هاوکاری یەکخستن و پێشکەشکردنی ئەم کۆکراوەیە بوون بە بنکەی ژین. ئەم زاتە هاوڕێ و دۆستی نزیکی خودابەخشیو بەڕێز جەلال تاڵەبانی، سەرکۆماری پێشووتری عیراق بووە و ساڵانی دواییی ژیانی لە سلێمانی بەسەربردووە. ئێمە لەو ڕووەوە ڕێزی لێدەنێین کە عیراقییەکی دۆست و پشتیوانی دۆزی کورد بووە و کاتی خۆی هەڵوێستی بەویژدانانەی دەرهەق بە مەسەلەی کورد نوواندووە.
هیلال ناجی (١٩٢٩-٢٠١١/١/٣٠) کوڕی زەینەلعابدین شیقاقیی عەلەوییە، زانا و ئەدیب و ساغکەرەوەی دەستنووس و شاعیر و دیپلۆمات و مافناسێکی عەرەبی عیراقییە، لە گوڕنەی پارێزگای بەسڕە لەدایکبووە. لە بەغدا خوێندوویە و ١٩٥١ کۆلیجی حقووقی تەواوکردووە. ماوەیەک پارێزەر بووە. پاشان دانراوە بە نوێنەرێکی دیپلۆماسی لە مەدرید و ئەمجا تاران تا ١٩٦٨. ١٩٧٢ بە سەرۆکی یەکێتیی دانەران و نووسەرانی عێراقی هەڵبژێردراوە و نوێنەرایەتیی عیراقی لە گەلێ کۆنفرانسی ئەدەبی و قانوونیدا کردووە. ٩ دیوانی شیعر و پتر لە ١٠٠ کاری دانان و ساغکردنەوەی دەستنووسی هەیە. خەڵاتی ساغکردنەوەی ١٩٧٠ لە نووسینگەی هاوئاهەنگیی عەرەباندن (مکتب تنسیق التعریب) و خەڵاتی زێڕینی ڕێزلێنانی ١٩٨٢ لە کۆماری عەرەبیی میسر وەرگرتووە.
بەڕێزیان لە دوادوای تەمەنیدا تووشی فرانبوونی دەماری شاخوێنبەر بووە، ڕەحمەتی مامجەلال ناردوویە بۆ هیندستان بۆ چارەسەر. هەرچەندە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ کراوە، بەڵام لە ٢٠١١/١/٣٠دا گیانی سپاردووە و تەرمەکەی -لەسەر وەسێتی خۆی- هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و پێنجشەممەی ٢٠١١/٢/٣ بەخاکسپێردراوە.
یادی بەخێر و گیانی پاکی شاد و ئارام بێ.