سەعات ١٠ی تاقی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٥/٩/١ بنکەکەمان کۆڕێکی تایبەتی بۆ بەڕێز ئاراس نووری سازکرد سەبارە بە “زمانی کوردی و زاراوە زانستییەکان لەبەردەم کاریگەریی ژیریی دەستکرددا”.
کۆڕەکە ١٨ کەس ئامادەی بوون و جگە لە ژمارەیەک کارمەندی ژین، نوێنەرانی: دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، ناوەندی ڕۆشنبیریی دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ و ئینستیتووتی کەلەپووری کورد، بەشداریبوون. سەرەتا بەڕێز کرمانج زرار ئەبوبەکر، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، بەڕێز ئاراس نووریی وانەبێژی ناساند وەک پسپۆڕ و شارەزایێکی تەکنیکیی کوردی بواری کۆمپیووتەر و ئینتەرنێت و هەوڵەکانیی لەم بوارەدا -بە چوار کتێبە لەچاپدراوەکەیشیەوە- بە نموونە هێنایەوە و سوپاسیکرد کە ئەرکیکێشاوە و ئەم بابەتە پێشکەشدەکا.
پاشان کاک ئاراس باسەکەی خۆی پێشکەشکرد و لە پێویستی و ناچاریی هەبوونی شێوەنووسینێکی یەکگرتوو و داڕشتنێکی ڕێزمانیی کوردیی دووا و ئاوڕی لە کۆششەکانی خۆی و هاوڕێ هاوکارەکانی دایەوە و هەنگاوەکانی سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەی بەستەوە بە کاری دەستەجەمعیی دەستبژاردەی کوردیی ئەم بوارە و پرس و ڕاوێژ و هاوئاهەنگی و یەکدەنگییان بۆ چارەسەری گیروگرفتەکان و سەرەنجامیش بۆ بەرهەمهێنانی دەقی ڕەوان و داڕێژراو و زاراوەی کوردیی یەکگرتوو. دوابەدوای بەڕێزیان، بەشدارانیش هەندێ پرسیار و باری سەرنجیان دەربڕی و هیوای گەشەکردن و بەرەوپێشەوەچوونی ئەم مەیدانەی زانستیان خواست بۆ خزمەتی کوردەواری.

