کۆچی یەکجاریی زانای گەورە، دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد

زانای گەورەی گەلەکەمان، دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد، کە چەند ساڵێک‌بوو دوچاری نەخۆشییەکی درێژخایێن بووبوو و لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا چارەسەری پزیشکی دەکرا، ئەمڕۆ سێ‌شەممەی ڕێکەوتی ١٦/٣/٢٠٢١ لە تەمەنی ٨٤ ساڵی‌دا ماڵئاواییی یەکجاریی لێ‌کردین. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” ئەوپەڕی نیگەرانی و پەژارەی خۆی بەم کۆچە دەردەبڕێ و سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس‌وکار و دۆستان و هەمووان دەکا.
بەهەشتی دکتۆر کەمال مەزهەر، وەک نموونەیەکی هەرەدیاری نەوەی سێیەمی ڕۆشنبیرانی کورد، کەم‌وزۆر سەرلەبەری تەمەنی خۆی تەرخانی خزمەتی گەلەکەی کرد؛ هەم گەنجینەیەکی گرانبەهای بەرهەمی زانستیی بەخشی بە کتێبخانەی کوردی و عیراقی و هەم نوێنەرایەتییەکی ڕاستگۆیانە و سەربەرزانەی گەلەکەیی لە بەغدای پایتەخت کرد. خزمەتەکانی لە وەزیفەی حکوومەتیش‌دا، لە “کۆڕی زانیاریی کورد” و زانکۆی بەغدا دیار و بەرچاون. تاسەریش وەک لێکۆڵەرەوەیەکی سەرڕاست و دڵسۆزی کورد و کوردستان مایەوە. لەبەرئەوە کۆچی ئەم زاتە کەلێنێکی وەها گەورە لە مەیدانی مێژوونووسیی کوردی‌دا لە پاش خۆی بەجێ‌دێڵێ، کە ڕەنگە تا ساڵانێک بە ئاسانی پڕنەکرێتەوە.
یادی بەخێر و ڕۆحی پاکی شادبێ.
بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین
٢٠٢١/٣/١٦