کۆچی مامۆستا جەمال بابان

سەعات ١١ی شەوی پێنج‌شەممە ٢٠٢٣/٩/٧ دڵی مامۆستا جەمال بابان (١٩٢٧-٧/٩/٢٠٢٣)، پاش چەند ساڵێکی پیری و پەککەوتەیی، لە لێدان کەوت. بەڕێزیان، دۆست و هاوکار و پشتیوانێکی بنکەکەمان بوو.

بە ناوی بەرپرسان و کارمەندانی بنکەکەمانەوە سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و دۆستان و هاوڕێیان دەکەین و گیانی مامۆستای کۆچکردوویشمان شاد و ئاسوودە بێ و یادی بەخێر.

مامۆستا جەمال کوڕی عەبدولقادربەگی عەزمی‌بەگی بابان و دەرچووی کۆلیجی حقووقە ١٩٥٠. ساڵانێک وەزیفەداری حکوومەت بووە و پلەی وەک بەڕێوەبەری ناحیە و ئەمانەتداری گشتیی کۆڕی زانیاریی کورد و بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردیی هەبووە و ١٩٧٦ خانەنشین‌بووە و ئیتر پارێزەریی کردووە.

کاتێک سەرۆکی شارەوانی بووە، گۆڤاری “سلێمانی”ی دەرکردووە. یەکەم سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد ١٩٧٠ و سەرۆکی نووسینی خولێکی گۆڤاری “بەیان” بووە. دامەزرێنەرێکی “یانەی سەڵاحەدین”یش بووە لە بەغدا. ٢٠٠٥ “سەنتەری ڕۆشنبیریی بابان”ی دامەزراندووە.

بەرهەمەکانی:

¬١. خانزاد- چیرۆک، 1957.

٢. پەڵەهەورێکی چڵکن، چاپخانەی المعارف- بەغدا، 1958.

٣. خاڵە ڕەجەب، ترش و شیرین، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، 1969.

٤. سەی کەڵەک- چیرۆک، دار الجاحظ- بەغدا.

٥. مامەیارە، چاپخانەی دار الجاحظ- بەغدا، 1973.

٦. جەمیل صائیب، لە خەوما، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد- بەغدا، 1975.

٧. خەڕەکە شکاوەکە، چاپخانەی الحوادث- بەغدا، 1989.

٨. هەندێک داوەریی بەناوبانگ، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد- بەغدا، 1981.

٩. سلێمانی شارە گەشاوەکەم، 4 بەرگ (بەرگەکانی 1-2، چاپخانەی دار الحریة- بەغدا، 1992، 1998)، (بەرگەکانی 3-4، دەزگای سەردەم- سلێمانی، 2000، 2002).

١٠. بابان في التاریخ ومشاهیر البابانیین، مطبعة الحوادث- بغداد، 1993.

١١. مذکرات علي کمال عبدالرحمن، مطبعة شرکة الخنساء- بغداد، 2001.

١٢. کاکینە و مستەفا صائیب، قسەی نەستەقی پێشینان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی ڕاز، ٢٠٠١.

١٣. عەبدولقادر قەزاز، پەند و ئامۆژگاری و هەندێک بابەتی‌تر، چاپخانەی شرکة الخنساء- بەغدا، ٢٠٠٢.

١٤. أعلام کرد العراق، دوو بەرگ، 2006.

١٥. یاداشتنامەی ژیانم، سلێمانی، 2007.

١٦. گەشتێک بە ناخی تەمەندا، دەزگای سەردەم- سلێمانی، 2007.

١٧. أصول أسماء المدن والمواقع العراقیة، ٣ أجزاء (ج١، مطبعة المجمع العلمي العراقي، بغداد، ١٩٧٦؛ ج٢، مطبعة الشهید آزاد هورامي، کرکوک، ٢٠٠٦؛ ج٣، مطبع الوقف الحدیثة، بغداد، ٢٠١٣).

١٨. واقع کرکوک، دار آراس- أربیل، 2012.

١٩. بابان لە مێژوودا و گەورەپیاوانی بابان، ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە- سلێمانی، 2018.