کۆچی‌دواییی مامۆستا حیسامەدین مەلا عەبدوڵڵا قەڵاتی

ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی ژین” بە داخ و پەژارەیێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی یەکجاریی زانای ئایینی و دڵسۆزی کولتوور و مێژوو و دەستنووس و بەڵگەنامەی کوردی، مامۆستا حیسامەدینی مەلا عەبدوڵڵای قەڵاتیی پێ‌گەیشت.
ناوبراو، کە وەچەی بنەماڵەیەکی زانستیی گەورەی کوردستانە، هەم وەک مودەریسێکی لێهاتوو، چەندین ساڵ وانەی بە فەقێیان وتووەتەوە، هەم وەک دڵسۆزێکی گەورەی بواری ئەرشیف و کۆکردنەوە و پاراستنی دەستنووس خزمەتێکی گەورەی بە بواری ڕۆشنبیری و زیندووکردنەوەی ئەم کەلەپوورە کوردییە کردووە.
بەڕێزیان، دۆست و پشتیوانێکی مەعنەویی بنکەکەمان بوو و زۆر شادمان‌بوو کە یەکەم‌جار یەکەی دەستنووسی بنکەکەمانی لە نزیکەوە بینی. بەڕێزیان، بە حوکمی ئەوەی کە لە بنەماڵەیێکی مەلازادە بوو و ساڵانێکی درێژی لەناو دەستنووس‌دا بەسەربردبوو، -وەک فەرموویان- شتی هەرەگرنگ کە لە هەر لێقەومانێکی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١دا پاراستوویە و لێی جوێ‌نەبووەتەوە، دەستنووسەکانیان بووە؛ لەبەر ئەو خۆشەویستی و پێوەندییە کۆنە گیانییەی لەگەڵ دەستنووس، بە ڕادەیێک سەرمەستی دیتنی دەستنووسەکان بوو، سەرنجی هەمووانی بەلای خۆی‌دا ڕاکێشا.
ئێمە نیگەرانی و خەمباریی خۆمان بۆ ئەم کۆستە ناوەختە ڕادەگەیێنین و لای خۆمانەوە سەرخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و کەسوکار و نزیکان و دۆستانی دەکەین و کۆچی ئەم زاتەیش بە زیانی بواری ئەرشیف و دەستنووسی کوردی دەزانین گیانی مامۆستاى ڕێزدار شادبێ و هەزاران جار یادی بەخێر.