کۆبوونەوەی سەرەتایی بۆ مەسەلەکانی شێوەی بەڵگاندنی بەڵگەنامە

سەعات ١١,١٥ی ٢٠١٩/١٢/٩ دووشەممە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان “بنکەی ژین” و “ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیومێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی”ی سەر بە زانکۆی سلێمانی لە ژووری کۆبوونەوەی بنکەی ژین بەڕێوەچوو. بەڕێزان دکتۆر هەردی مەهدی میکە، یاسین تەها محەممەد، ئەژی ئازاد ئەبوبەکر و قاسم محەممەد فەرەج لە ناوەندی کوردستان و ڕەفیق ساڵح، ئاکۆ محەممەدوەهبی، حسێن حەسەن کەریم، جەزا ئەحمەد قادر و سدیق ساڵح لە بنکەی ژین ئامادەی بوون. ئەم کۆبوونەوەیە درێژەپێدانی ئەو پڕۆژەیەی داڕشتنی ڕێ‌وشوێنی زانستیی بەڵگاندن (توثیق)ە کە بنکە پتر لە ساڵێکە کاری لەسەر دەکا و ئەم‌جارەیش پێشنیازی‌کرد لەگەڵ دەزگایەکی هاوشێوەی وەک ناوەندی کوردستان‌دا دەست‌پێ‌بکا. هەردوو لا کە لەم مەسەلە گرنگەدا هاومەبەست و هاوئامانجن، کێشە و دژواری و خاڵەکانی مایەی جیاوازی و وت‌ووێژیان شی‌کردنەوە و پتر لە سەعاتێک باس‌وخواسیان لە بارەوە کرد. دەرکەوت بەڕێزانی ناوەندی کوردستانیش خەریکی ساغکردنەوەی ئەم مەسەلەیەن و لای خۆیانەوە دەستیان‌پێ‌کردووە. سەرەنجام بڕیاردرا گەڵاڵەکراوی ئەو ماوەیەی پێشووی بنکە بخرێتە بەردەستی بەڕێزانی ناوەندی کوردستان و کۆبوونەوەی داهاتوو وردتر خاڵ بە خاڵی ئەم پڕۆژەیە لێی بکۆڵدرێتەوە و سەرجەمی کێشەکان دیاری‌بکرێ و هەوڵ‌بدرێ، بە کەڵک‌وەرگرتن لە شارەزایانی ناوخۆ و بیانی، بیر و بۆچوونەکانی لە بارەوە یەک‌بخرێن و درێژە بەم کۆبوونەوانە بدرێ. جێگەی باسە، مەسەلەی ئەرشیف و بەڵگاندن، تا ئێستا لە زانکۆکانی کوردستان‌دا بایەخی پێ‌نەدراوە و هێشتا هیچ پسپۆڕێکی خاوەند گەواهینامەی زانستی لەم مەیدانەدا پێ‌نەگەیێنراوە. ئەم مەسەلەیەیش بە ڕادەیەک گرنگە، کە دەبێ لە سەرەتاوە بنچینەیەکی زانستی و هەمەلایەنە و پەسەندی بۆ دابنرێ و بە هیواین کارێک بکرێ بە ئاڕاستەیەکی زانستی و واقیعبینانەدا ببرێ و زۆری گیروگرفتەکانی چارەسەربکرێ و ئەم یەکەمین هەوڵەی بەڵگاندن بە سەرکەوتن بگا.