کردنەوەی “مۆزەخانەی چاپ لە سلێمانی”

سەعات ١٠ی سەرلەبەیانیی ٢٠٢١/١١/٩ (سێ‌شەممە) ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” ڕێ‌وڕەسمێکی بۆ ڕاگەیاندنی “مۆزەخانەی چاپ لە سلێمانی” بەڕێوەبرد، کۆمەڵێک میوانی بەڕێز ئامادەی‌بوون. سەرەتا سدیق ساڵح، بە ناوی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنەوە بەخێرهاتنی میوانانی کرد و لە بایەخی چاپخانە و نەخشی لە پێشخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵ‌دا دووا و هاتە سەر باسی مەکینەکانی چاپی (ژیان و ژین)ی بەلەدییە سلێمانی و پیرەمێردی گەورە و (کامەرانی)ی خودابەخشیو حاجی محەمەدی قەفتان و (ڕاپەڕین)ی خودابەخشیو خەسرەوی میرزا عەزیز ڕەشید، کە لەم مۆزەخانەیەدا پارێزراون. ڕوونیشی‌کردەوە ئەمە بەرچاوخستنەوەی یادگارێکی مێژوویی و شارستانیی گرنگی ژیانی کولتووری و ڕۆشنبیریی کورد و وەفاداری‌نوواندنیشە بەرامبەر بە کارەکانی ئەو ناوە دیارانەی پێشوومان، کە ویستوویانە لە ڕێگەی چاپخانەوە بەشداری لە خزمەت و پێشخستنی کوردەواری‌دا بکەن. پاشان بەڕێزان دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و دکتۆر فەرەیدوون محەمەد قەفتان، مۆزەخانەکەیان کردەوە و دکتۆر هەڤاڵ قسەیێکی سەبارەت بە ڕۆڵی چاپخانە لە پەرەپێدانی ڕۆژنامەگەری و بەرهەم‌هێنانی کتێب‌دا کرد و باسی هەوڵەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمی کرد بۆ پیتاککردن بۆ کڕینی چاپخانەی گەورەی نوێ و ڕایشیسپارد هەوڵ‌بدرێ پاشماوەی ئەو یەکەم چاپخانەیە کە مێجەر سۆن هێنایە سلێمانی، بدۆزرێتەوە، چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە نەریتی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە کوردەواری‌دا داهێنرا و چەسپێندرا.شایانی باسە، وەزیرانی ڕۆشنبیری، بەڕێزان خالید دۆسکی و کاکە حەمەی حەمەسەعید پێشتر -بە سپاس و پێزانینەوە- هەردوو مەکینەی چاپی ژین (پیرەمێرد) و کامەرانی‌یان بەڕەسمی بەخشی بە بنکەی ژین. پاشان خودابەخشیو کامیل قەفتان مەکینەیەکی‌تری چاپ و مقەستی کاغەزبڕینی چاپخانەی کامەرانی و بنەماڵەکەیشی کۆمەڵێک حەرفی چاپخانەکەی پێشکەشی بنکە کرد. بە هەمان شێوە، بەڕێز نەبەز ڕەئووف مستەفا، مقەستی چاپخانەی (ڕاپەڕین)ی بەخشی. بەڕێزان مامۆستا سەپان و ئاریان شێخ لەتیفیش ئەرکێکی زۆریان بە هێنان و دامەزراندن و ڕێکخستنەوەی مەکینەکانەوە کێشا، کە جێگەی سپاس و پێزانینە. دواجار هونەرمەندی دەست‌ڕەنگین بەڕێز ڕۆستەم ئاغالە پێشنیازی‌کرد بە شێوەیێکی خۆبەخش سەرپەرشتیی دامەزراندنی مۆزەخانەکە بکا و کاتێکی درێژی خۆی بۆ چاودێری و دانان و ڕێکخستنی مۆزەخانەکە تەرخان‌کرد، کە شایستەی هەموو پێزانین و بەرز هەڵسەنگاندنێکە. ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، لای خۆیەوە بە گەرمی سپاسی زۆری هەموو ئەو بەڕێزانە دەکا کەوا -بە هەر جۆرێک بووە- دەستیان لە پاراستن و دامەزراندنی ئەم یادگارە مێژوویییە گرانبەهایەدا هەبووە، کە نیشانەی بایەخدانی مونەووەران و ڕۆشنبیرانی کوردە بە بواری چاپەمەنی و پیشەسازیی بەرهەم‌هێنانی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە وەک ئامرازیک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و خوێندەواری و گۆڕینی عەقڵییەتی کۆمەڵ. کاری هەمووان بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان ڕاست‌بێ.