کتێبی “مێژووی کورد و کوردستان: دۆزی کورد لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا کۆتایی پەیمانی سیڤەر ١٩١٨-١٩٢٠، توێژینەوەیەکی مێژوویی بەڵگەنامەیییە”

بەرگی یەکەمی کتێبی “مێژووی کورد و کوردستان: دۆزی کورد لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا کۆتایی پەیمانی سیڤەر ١٩١٨-١٩٢٠، توێژینەوەیەکی مێژوویی بەڵگەنامەیییە”، کە دانراوی بەڕێز دکتۆر صەباحی غالیبە، بە دوو بەش چاپ و بڵاو بووەوە. ئەم بەرگە تێکڕا ١١٠١ لاپەڕەی پێوانە (٢٥×٥,١٧سم)ە، لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات لە هەولێر بە بەرگی ڕەق و چاپێکی جوان لەچاپ‌دراوە. کتێبەکە، وەک گوتراوە، بەڵگەنامەیییە، سەرباری پشت‌بەستنی بە کۆمەڵێک کتێبی مێژوویی سەبارەت بە قۆناغەکە، بەڵگەنامەی ئینگلیزی سەرچاوەی هەرە گرنگ و سەرەکیی کتێبەکەیە.

ئەو قۆناغەی چارەنووسساز و ناسکەی مێژووی کورد، تا ئێستە کەسانێکی‌تری وەک خودابەخشیو دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد، دکتۆر سەعد بەشیر ئەسکەندەر، دکتۆر وەلید حەمدی، محەمەد ڕەسووڵ هاوار، … هتد. و زۆری‌تریش پێشتر هەر یەکە لە گۆشەنیگایێکەوە لەبارەیەوە نووسیویانە و هەڵدەگرێ زیاتری لەبارەوە بنووسرێ. دانەر لە پێشەکیی‌دا نووسیویە: “ئەم کتێبە بەرهەمی تێگەیشتنی منە بۆ مێژووی قۆناغەکە، بۆیە تەنیا خۆم بەرپرسیاری زانیارییەکان و لێکدانەوەکانم”؛ داوایشی‌کردووە “بە لوتفی زانستانە و بە عەقڵی کراوەوە تەماشای ئەم بەرهەمە بکەن و بە شارەزایانە و جوامێرانە کەم‌وکەسرییەکان ڕاست‌بکەنەوە”.

کتێبەکە، وەک دەردەکەوێ، بەرگی‌تریشی بەدوادادێ.

هیوایە ئەم کتێبە کەلێنێکی گەورە لە کتێبخانەی کوردی‌دا پڕبکاتەوە و ببێتە مایەی پێداچونەوەیێکی ڕەخنەگرانەی زانستانە بە مێژووی ئەو سەردەمەی مەسەلەی کورد و کوردستان‌دا و پتر بەرچاومان ڕوون‌بکاتەوە.

هەر بەڕێزێک بیەوێ کتێبەکە بکڕێ، لە “بنکەی ژین” دەستی‌دەکەوێ.