کتێبی تازەی بنکەی ژین “أصول القضیة الکردیة”

ئەم کتێبە پار (٢٠١٩) بنکەی ژین بڵاوی‌کردەوە. خودابەخشیو دکتۆر سەڵاح جموور دایناوە. بەرهەمەکە، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و تاوتوێیەکی مێژوویی و زانستیی ڕووداوەکانی ناوچەکە و کێشەی کوردە لە دوادوایییەکانی حوکمی عوسمانی‌یەوە تا بەلاداخرانی کێشەی کوردستانی جنووبی (ویلایەتی مووسڵ) لە لایەن لیژنەی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الأمم)ەوە. نووسەر قۆناغێکی هەرە هەستناکی مێژووی نوێی کوردی هەڵبژاردووە و پشت بە –بەتایبەت- بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی فەرەنسەیی، نووسینی کاربەدەستانی بیانی لە ناوچەکە، سەرچاوەی‌تری وەک کتێب و گۆڤار و ..، توانیویە وێنەیەکی ڕوونی قۆناغەکە بخاتە بەرچاوی خوێندەواران. ئەم کتێبە لە بنەڕەت‌دا بە زمانی فەرەنسەیی نووسراوە و د. سوعاد محەمەد خزر کردوویە بە عەرەبی و بە ٣١٧ لاپەڕە بڵاوبووەتەوە.