کتێبی “المؤلفات عن الکرد وکردستان باللغة العربیة أو المعربة حتی عام ٢٠١٧م (بیبلوغرافیا متخصصة ومعرفة)”، واتە: دانراوەکان سەبارەت بە کورد و کوردستان بە زمانی عەرەبی و وەرگێڕدراو بۆ عەرەبی تا ساڵی ٢٠١٧ (بیبلیۆگرافیایەکی تایبەتمەند و ناسێندراو)، کە بەڕێز دکتۆر حوسامەدین عەلی غالب نەقشبەندی دایناوە و ئامادەیکردووە، ئەمساڵ (٢٠٢٠) “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” هەردوو بەرگی یەکەم و دووەمی بە چاپێکی بژارکراو و لێزیادکراو و بە ٧٤٧ لاپەڕەی ئا٤ چاپ و بڵاو کردەوە. کتێبەکە تا ئێستە فراوانترین بیبلیۆگرافیای سەرچاوە عەرەبییەکانی تایبەت بە کورد و کوردستانە و ٣٦٤٤ سەرچاوەی تێدا بەپێی پیتەکانی ئەبجەد ناسێندراوە و بەرهەمە جیاجیاکانی ٢٣١٣ نووسەر و وەرگێڕ و لایەنی وەک حکوومەت، حیزب، ڕێکخراو و …ی تێدا جێکراونەتەوە. جگە لەوە، دانەر ڕێبەرێکی بۆ کتێبەکان بەپێی بابەتەکانیان ئامادەکردووە، تا کاری ئەو کەسانە ئاسان و خێراتر بکا کە دەیانەوێ کەڵکی لێببینن.
ئەم کتێبە، سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ توێژەرەوە و ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکان.