وۆرکشۆپی “داتابەیزی وتاری کوردی”

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٢/٣/٣٠ “بنکەی ژین” وۆرکشۆپێکی سەبارەت بە “وتارنامە: داتابەیزی وتاری کوردی” بۆ بەڕێز دکتۆر سەید مەهدی حوسەینی، پسپۆڕی زانستی زانیاری و مامۆستای زانکۆی کوردستان لە شاری سنە ڕێکخست.

لەم وۆرکشۆپەدا کەماوەی ۳سەعاتی خایاند، ٢٥ کەس لە سەرنووسەران، بەرپرسان و نوێنەرانی گۆڤار و ڕۆژنامەی سەر بە

زانکۆ و دەزگای ڕاگەیاندن و ڕێکخراوی کولتووری بەشدار بوون.

داتابەیزی وتارنامە بۆ کۆکردنەوە، نوانەسازی و ڕادەست کردنی ئەو وتارانە (وتار، دیمانە، ڕوانگە، ڕەخنە و هتد) ڕێکخراوە وا لە لایەن کوردانەوە دەنووسرێت یان سەبارەت بە کورد دەنووسرێت، جا بە هەر زمانێک بن. وتارنامە هەوڵێکی بنەرەتییە بۆ هاوبەشکردنی زانست.

وتارنامە بۆ لێکۆڵەران و توێژەران ئەو هەلە دەڕەخسێنی بە پێی گوڤار، دانەر، وشەی گرنگ و بابەت لە یەک ماڵپەڕەوە وتاری پەیوەندیدار بدۆزنەوە و دڵنیابن لە پێشینەی باس و بابەتی زانستی پەیوەندیدار بە کارەکەیان.

  ئەم پرۆژە بنەڕەتییە زۆر بەربڵاو و درێژخایەنە. لەبەرئەوە ئەرکی سەرشانی هەر لایەنێکی پێوەندیدارە جێ‌دەستی لەم خزمەتە گشتییەدا هەبێ و پڕۆژەکە بە بەشداری و سەرنجی بەسوود بەرەو سەرکەوتن بەرێ.

بەوپێیە، هەمووان دەتوانن بە پێوەندی و کۆمەکی ماددی یا مەعنەوی ببنە هاوبەشی ئەم پڕۆژە زانستییە و بە بەشداریی چالاکانە دەوڵەمەندتری‌بکەن.

بۆ زانیاری زیاتر و کەڵک وەرگرتن لە وتارنامە سەردانی ماڵپەڕی وتارنامە بکەن:

Witarname.kurdref.info