سەعات ١ی پاشنیوەڕۆی سێشەممە ٢٠٢٢/١١/١٥، ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” سەری لە بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دا لە تەلاری پارێزگا. بەڕێز ڕەفیق ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی ژین، بە ناوی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنەوە بەگەرمی سوپاسی بەڕێزی کردن کە بەردەوام پشتیوانێکی دڵسۆز و خەمخۆری بنکە بووە و هەر کاتێک داوای یارمەتیی لێکرابێ بۆ جێبەجێکردنی کارێک یا پێویستییەکی بنکە، جوامێرانە هاتووەتە پێشەوە و درێغیینەکردووە. بەوپێیە ئەم گیانی هاوکاری و ئاوڕلێدانەوە جیددییەی بەڕێزی، بە بەرزی نرخاند و دەستخۆشیی لێکرد و هیوای لەشساغی و سەرکەوتنی بۆ خواست. بەڕێز پارێزگاریش، لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند؛ خزمەتکردن و پشتیوانیی “بنکەی ژین” بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ و ئەمەودوایش ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە بۆ سەرخستنی پڕۆژە گرانبەهاکانی ئەم دەزگا گرنگەی هەرێمی کوردستان. پاشان هەم ڕێزنامەیەک و هەم ئاڕمی “بنکەی ژین” پێشکەش بە بەڕێزیان کرا.