ڕێزلێنان لە “بنکەی ژین”

پێش‌نیوەڕۆی سێ‌شەممە ٢٠٢٢/١٢/١٣ شاندێکی “ڕێکخراوی وەرزشکارە دێرینەکانی پارێزگای سلێمانی”، کە پێک‌هاتبوو لە مامۆستایانی بەڕێز کەمال نووری، بەکر مستەفا، شەوکەت سدیق، خاتوو سەبرییە، محەمەد سەعید (حەمەبچکۆل)، ڕزگار کەمال ڕەشید و دلێر ئەحمەد، سەریان لە “بنکەی ژین” دا. پاش دانیشتن و گفتوگۆیێکی دۆستانە، ڕایانگەیاند ڕێکخراوەکەیان بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ ڕێز لە چەند بەڕێزێکی ناو “بنکەی ژین” بنێ، لەبەر خزمەتی دڵسۆزانەیان لە بواری پاراستن و زیندووکردنەوەی کەلەپووری شارستانیی کوردەواری‌دا. ئەوەبوو مەدالیای ڕێزلێنانیان بەخشی بە هەریەکە لە بەڕێزان ڕەفیق ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەکەمان، سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەن و مامۆستا حەمەعەلی مەعرووف، سەرپەرشتی ئەرشیفی پەروەردە لە بنکەی ژین. بەرپرسانی بنکەیش سوپاسیان‌کردن کە بەسەریان‌کردوونەوە و پێیان‌ڕاگەیاندن کە ئەوی لەم دەزگایەدا کراوە وەک ئەرکێکی سەرشان بەجێ‌هێنراوە و کۆکراوەکەیشی بەرهەمی هاودەستی و هاوکاری و خەمخۆریی هەمووانە کە وەک کارێکی دەستەجەمعی لێیان ڕوانیوە. پاشان ئامادەگیی بنکەیان نیشان دا بۆ هەر کارێکی تایبەت بە بەڵگاندنی مێژووی وەرزشی شار و تکایان لێ‌کردن خەم‌سارد نەبن و هەوڵی نووسینەوەی مێژووی وەرزشی شارەکەیان و بیرەوەریی وەرزشیی خۆیان بدەن کە لاپەڕەیەکی درەوشاوەی مێژووی سلێمانی پێک‌دەهێنێ.