چلەی ڕۆشنبیری گەورە دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ

سەعات ٣ی پاش‌نیوەڕۆی ٢٠١٩/١١/١٥ (هەینی) ڕێ‌وڕەسمی چلەی خودابەخشیو دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (١٩٣٤-٢٠١٩/١٠/٣) لە ئوتێلی “شاری جوان” بەڕێوەبرا. خەڵکێکی زۆری ڕۆشنبیران و حیزبەکانی هەرێم و دۆستانی ئەو بنەماڵە بەڕێزە لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عیراقەوە هاتبوون و ئامادەی بوون. لەو دوو سەعاتەدا کۆمەڵێک وتاری جیاواز و فیلمێکی بەڵگەنامەیی لە بارەیەوە پێشکەش‌کران.
ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، لای خۆیەوە سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس‌وکار و دۆستانی دکتۆر عیزەدین دەکا و کۆچی ئەو زاتە پایەبڵندە بە زیانێکی قورسی ڕۆشنبیریی کوردی دەزانێ و سەبووری و تەسکینی بۆ هەمووان دەخوازێ.
شایانی گوتنە، پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ ڕێبەرێکی ناوبەدەرەوەی ڕۆشنبیری کوردی، خەباتگێڕێکی کوردپەروەر و نووسەرێکی پڕبەرهەم بوو. ١٩٤٩ بووەتە ئەندامی حیزبی شیوعیی عیراق، ١٩٥٩ خانەی بەرزی مامۆستایانی لە بەغدا تەواوکردووە. ١٩٦٣ یەکەم گەواهینامەی دکتۆرای ئەدەبی کوردیی لە باکۆ وەرگرتووە. ١٩٦٦ بووە بە مامۆستای بەشی کوردیی کۆلیجی زمان لە بەغدا. ١٩٦٧ خێزانی لەگەڵ خاتوو ڕووناک مەحموود ساڵحی ڕەشە پێک‌هێناوە. ١٩٦٩ نەخشی لە دامەزراندنی “یەکێتیی نووسەرانی کورد”دا هەبووە و دواجار بووە بە سەرۆکی یەکێتییەکە. ١٩٧٩ دکتۆرای دووەمی ناووکی لە مۆسکۆ بەدەست‌هێناوە. ساڵانێک مامۆستای بەشی کوردیی زانکۆ بووە. ١٩٩٢ لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان‌دا، بووە بە ئەندام. ٢٠٠٩ خەڵاتی بلەی وەرگرتووە.