چالاکییەکی نوێی بنکەی ژین دەست‌پێ‌کرا

بەشێکی “یەکەی لەچاپدان و لێکۆڵینەوە”ی بنکەکەمان کە ساڵانێک بوو، لە هەندێ کاری پەرش‌وبڵاو و بێ‌بەرنامە زیاتر، وەکوو پێویست کاری تێدانەدەکرا، “بەشی تۆمارکردنی مێژووی زارەکی” بوو، -بەداخەوە- لەبەر دیاریکراوی و کەمیی دەستەی کارمەندان و کەم‌دەرفەتی و پڕکاری و هۆی‌تریش نەدەپەرژاین بۆی لێ‌ببڕێین و کاتێکی گونجاوی بۆ تەرخان‌بکەین. خۆشبەختانە ئەم دوایییە بەڕێز دکتۆر سامان حسێن، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، کە لەبەر بایەخی لەڕادەبەدەری مێژووی زارەکی بۆ کورد، ساڵانێکە بەتەواوی لێ‌بڕاوە بۆ کارکردن لەم مەیدانە، -بە سوپاسێکی زۆرەوە- دەست‌پێشخەری و ئامادەگیی نوواند خۆبەخشانە سەرۆکاریی ئەم بەشە بکا. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی ژین”یش ئەم دەست‌پێشخەرییەی -بە پێزانینەوە- قۆستەوە و بڕیاری لە دامەزراندنی ئەم بەشە دا و وا بەوپەڕی پەرۆشییەوە دەست بە چالاکییەکانی ئەم بەشە کراوە. سەردەقی ئەم پڕۆژەیە تۆمارکردنی پتر لە ٤٠ سەعات بیرەوەریی مامۆستا بێستوون عەلی کەریم بوو، کە بەڕێزیان ئەرکی کێشا و بیرەوەرییەکانی لە ماوەی چەند حەفتەیێک‌دا تۆمارکرا. دووەم کاریش تۆمارکردنی بیرەوەریی هونەرمەندی بەڕێز ڕەئووفی حاجی عەلیی ماستاو بوو کە ڕۆژی شەممە ٢٠٢٥/٩/٢٠ بەئەنجام گەیێندرا.
بنکەی ژین، لای خۆیەوە مێژووی زارەکی بە بابەتێکی هەرە گرنگی بواری مێژوونووسیی کوردی دادەنێ و پێی وایە زووترین و پەلەترین کارێکی لەدواخستن‌نەهاتوو کە دەبێ ئەمڕۆ زانکۆکان و دەزگا کولتووری و ئەرشیفییە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان فریای‌بکەون و شێلگیرانە بە شێوەیێکی زانستی و پیشەیی کاری بۆ بکەن، تۆمارکردنی بیرەوەری و زانیاریی هەمەجۆری هەموو ئاستێکی خەڵک و شارەزا و ئاگادارانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسی و ئابووریی سەدساڵی ڕابوردووی کۆمەڵەکەمانە، تا -ئەوەندەی پێی‌دەکرێ- نەهێڵێ -هیچ نەبێ- بەشێکی ئەو ڕاستییانە بە خۆڕایی لەدەست‌بچن و ببرێنە ژێر گڵ! ئەم کارە هەرە لەپێشە هیچ بەهانە و پاساوێک بۆ نەکردن و گوێ‌پێنەدان هەڵناگرێ. هەر لەو ڕوانگەیەوەیە کە ‘ژین’ دەیەوێ بەشدارییەکی کارای لە خزمەتکردنی ئەم لایەنەی دنیای ڕۆشنبیریمان‌دا هەبێ و هیوادارە دواجار خەرمانی ئەم چالاکییەیش بکاتە گەنجینەیێکی گرانبەها بۆ داهاتوومان.