ئەمڕۆ شاندێکی پەیمانگەی توێژینەوەی ئەکادیمی لە عیراق (The Academic Research Institute in Iraq- TARII) کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان د. ئەماندا لۆنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکەر لە ئەمریکا و محەمەد قاسم میعمار، بەڕێوەبەری نووسینگەی تاری لە عیراق، سەریان لە بنکەکەمان دا. بەڕێز د. سەعد بەشیر ئەسکەندەریش -وەک هاوکار و پشتیوانێکی ژین- ئامادەی چاوپێکەوتنەکە بوو. شاندەکە باسی پڕۆژەیێکی نوێی پەیمانگەکەی کرد بە هاوکاریی ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی کەلەپوور (The Heritage Management Organization) بۆ کردنەوەی خولێکی مەشقپێکردنی ناوازە بۆ ماوەی شەش مانگ سەبارەت بە هەنگاوەکانی هەڵگرتنی خۆپارێزانە و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی پاراستنی کتێبخانە و ئەرشیفەکان لە عیراق تا دەگا بە قۆناغی خۆئامادەکردن بۆ وەرگرتنی کۆمەکی دارایی (فەند)، تێکڕا ٣٠ کەسیش لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانیتری عیراق بەشداریدەبن. خولەکە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دووحەفتە لە بەغدا و حوزەیرانیش دووحەفتە لە سلێمانی و لە ‘بنکەی ژین’ بەڕێوەدەبرێ، دوو پسپۆڕی ئیتاڵیایی و پۆڵەندایی دەرسی تێدا دەڵێنەوە و ڕێکخەرانی خولەکەیش خەرجیی ماوەی ئەو چوارحەفتەیە دەکێشن. خولەکە، جگە لەو چوارحەفتەیە، پێنج مانگەکەیتری لە ڕێگەی سەرهێڵەوە درێژەی پێدەدرێ و فەرمانبەرانی زانکۆ و دەزگاکانی تایبەت و ناحکوومی و وەزارەتی ڕۆشنبیری و خوێندکارانی زانکۆکانی عیراقیش دەتوانن داوای بۆ پێشکەشبکەن کە تا ڕۆژی ٢٠٢٥/١١/٢٠ وەردەگیرێ.
جێگەی باسە، بە شاندەکە وترا: جگە لە بنکەی ژین، دەزگاکانی ‘ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیومێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی’ی سەر بە زانکۆی سلێمانی و ‘مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکە’ و ‘ئینستیتووتی کەلەپووری کورد’یش لە سلێمانی هەن و لەباریاندایە بەشدارببن. شاندەکە جەختی لەوە کردەوە کە ‘ژین’ نەک هەر بە بەشدار، بەڵکوو بە هاوبەشی پڕۆژەکە دەزانن و هیوایانە ئەم جۆرە پێوەندییە زانستی و کولتوورییەیان لەگەڵ ‘ژین’ بەردەوامبێ.