پێنجەمین کۆنفرانسی نەتەوەییی میراتی زمانی

ڕۆژی ٢٠٢٤/٢/٢١ کە دامەزراوەی توێژینەوەی میراتی کولتووری و گەشتوگوزار و توێژینگەی زمانناسی، نەخش و دەق، بە بەشداریی ناوەندەکانی زانستی و توێژینەوە، پێنجەمین کۆنفرانسی نەتەوەییی میراتی زمانی‌یان لە تەلاری خەلیجی فارسی دامەزراوەکە لە تاران بەڕێوەبرد.

بەڕێز دکتۆر نادر کەریمیان سەردەشتی، بە سوپاس و پێزانینەوە، توێژینەوەیێکی سەبارەت بە دوو ئەرشیفی دەستنووس و بەڵگەنامەی مێژوویی لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان پێشکەش‌کرد، کە ئەوانیش “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” و کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانین؛ بنکەی ژین وەک ناوەندی کۆکردنەوە و پاراستن و زیندووکردنەوەی سامانی دەستنووس و بەڵگەنامە و کتێبخانەی کوردی و کتێبخانەی ئەوقافیش وەک پارێزەری بەشێکی گرنگی دەستنووسی هەرێمی کوردستان.

بەڕێزیان لەو توێژینەوەیەدا باس‌وخواسێکی ورد و چڕوپڕی سەبارەت بە هەموو بوارەکانی کاری بنکەی ژین بۆ ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە هێنایەوە و بایەخی کارەکانیی وەک ئەرشیفێکی زانستی و خزمەتکاری مێژوو ڕوون‌کردەوە.