پاشماوەی کتێبخانەکەی مامۆستا مەلاعەبدولکەریمی مودەرریس

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ /٩ /٢٠١٩، پاشماوەی کتێبخانەکەی زانای گەورە خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلاعەبدولکەریمی مودەرریس، کە لە لای خوالێخۆشبوو کاک سەڵاحی کوڕی پارێزرابوو، وەک بنەماڵەی مامۆستا پێش‌وەخت گفت و بڕیاری لێ‌دابوو و پێشکەشی “بنکەی ژین”ی کردبوو، گواسترایەوە بۆ تەلاری ژین. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، لە لایەکەوە خۆ بە بەختەوەر دەزانێ کە شەرەفی پاراستن و خزمەتکردنی پاشماوەی گرانبەهای ئەم زانا مەزنەی کوردەواریی پێ‌بڕاوە و سپاسی ئەم بنەماڵە بەڕێزەیش دەکا کە بە متمانەوە ئەم هەڵوێستەی نوواندووە، لە لایەکی دیکەوە بڕیاری داوە ژوورێکی تەنیشتی کتێبخانەی تایبەتی خوالێخۆشبوو شێخ محەممەدی خا‌ڵ لە نهۆمی دووەم‌دا بۆ ئەم کۆکراوەیە تەرخان‌بکا و حاڵی حازر خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەم کارەیە. شایانی باسە، بەشی زۆری کتێبخانەی تایبەتی مامۆستا مەلاعەبدولکەریم، پاش کۆچی‌دواییی، بەخشرا بە کتێبخانەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی (غەوس) لە بەغدا.