وێنەیێکی دەگمەنی پیرەمێرد

حاجی تۆفیقی مەحمووداغای هەمزاغای مەسرەف، “پیرەمێرد”ی شاعیر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیری گەورە، خزمەتێکی زۆری کوردەواریی لە بوارەکانی ئەدەبیات و ڕۆژنامەوانی‌دا کردووە و نەخشێکی بەرچاوی لە بڵاوکردنەوەی کولتووری شارستانی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی‌دا هەبوو لە ڕێی ڕۆژنامەکەیەوە، “ژیان” و پاشان “ژین”. ئەم زاتە بە یەکێک لە بناغەدانەرانی ڕۆشنبیریی کوردی و ڕەمزێکی نەمر و هەمیشە زیندووی وڵات دادەنرێ. بنکەی ژین، خۆی بە شەرەفمەند دەزانێ کە مژدەی ئەوە بداتە خوێندەوارانی کورد، کە پڕۆژەی ئامادەکردنی سەرجەمی وتارەکانی پیرەمێرد لە تەواوبووندایە و ساڵی داهاتوو ڕووناکیی چاپ و بڵاوبوونەوە دەبینێ. بەوبۆنەیەوە ئەمڕۆ وێنەیێکی دەگمەنی ئەو بیرمەندە مەزنەی کوردستان بڵاودەکاتەوە، کە لەناو پاشماوەی کۆکراوەی ڕۆشنبیریی خودابەخشیو فایەق هۆشیار دەرهێنراوە، ساڵانێک لەمەوبەر بەڕێز کاک توانای کوڕی -بە سوپاس و پێزانینێکی زۆرەوە- بە دیاری پێشکەشی “بنکەی ژین”ی کرد.