نووسراوی لێک‌تێگەیشتنی نێوان زانکۆی سلێمانی و بنکەی ژین

سەعات ١٠ی یەکشەممە، ٢٧/ ١/ ٢٠١٩، شاندێکی بنکەی ژین، پێکهاتوو لە بەڕێزان ڕەفیق ساڵح، بەڕێوەبەر، مامۆستا سەپان، ئاکۆ محەممەدوەهبی و سدیق ساڵح، ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، سەریان لە زانکۆی سلێمانی دا؛ چاویان بە بەڕێزان دکتۆر ڕەزا حەسەن حسێن، سەرۆکی زانکۆ و دکتۆر کارزان غەفوور، بەڕێوەبەری پێوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و دکتۆر کاوە ئەحمەد محەممەدئەمین، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی کەوت. هەردوو لا، پێوەندیی زانستی و هاوکاریی یەکتریان بە مەسەلەیەکی پێویست زانی بۆ خزمەتی گشتی و پێک‌هاتن وەک سەرەتایەک نووسراوی لێک‌تێگەیشتن ئیمزابکەن و لە ڕێگەی نوێنەرانیانەوە بەدوای خاڵەکانی لێک‌تێگەیشتنەکەدا بچن و بەجێیان‌بهێنن. زانکۆی سلێمانی، لای خۆیەوە، ئامادەگیی نیشان دا هاوکاریی مرۆیی و تەکنیکیی بەشێکی چالاکییەکانی بنکە بکا و داواکاربوو پێوەندیی بنکە و “ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیومێنت و لێکۆڵینەوەی ئاکادیمی”، کە دەزگایەکی زانستیی سەر بە زانکۆیە، توندوتۆڵ و بەردەوام بێ. بنکەیش، ڕوونی کردەوە کە کۆکراوەکە ئەرشیفییەکەی -لە چوارچێوەی ڕێ‌وشوێنێکی هاوچەرخی پێڕەوکراودا- لە خزمەتی مامۆستایان و خوێندکاران بە گشتی و خوێندکارانی خوێندنی بەرزدایە بە تایبەتی. هیوایە ئەم پێوەندییە خێر بۆ هەمووان بداتەوە.