نووسراوی لێک‌تێگەیشتنی نێوان بنکەی ژین و کەشکۆڵ

سەعات ١ی پاش‌نیوەڕۆی پێنج‌شەممە ٢٠٢٤/٣/٧ بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین و ڕێکخراوی “کەشکۆڵ”ی سەر بە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی نووسراوی لێک‌تێگەیشتنیان ئیمزاکرد.

سەرەتا، ڕێ‌وڕەسمی کردنەوەی تەلاری تایبەت بە کەشکۆڵ، بە ئامادەبوونی بەڕێزان برووس فێرگسۆن، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و ڕەفیق ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی ژین، ڕەفیق ساڵح، دەست پێ‌کرا. بەڕێز برووس فێرگسۆن وتارێکی پێشکەش‌کرد سەبارەت بە بایەخی کارەکانی کەشکۆڵ و کردنەوەی ئەم تەلارە تازەیەی بە کارێکی گرنگ وەسف‌کرد؛ بە ئومێدەوە لە هاندانی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکیی ڕوانی، بەو هیوایە کە بتوانن خزمەتی گەورە بە بواری پەروەردە و زانست بکەن. ڕۆڵی “کەشکۆڵ” و “بنکەی ژین”ی لە هاریکاری و پێکەوە کارکردن‌دا بەرز نرخاند و ڕوونی‌کردەوە کە فراوانیی کار و چالاکییەکانی کەشکۆڵ خۆی، وای پێویست‌کرد ئەم تەلارە نوێیەی بۆ دروست‌بکرێ.

پاشان خاتوو ئالانا ماری لێڤنسۆن وتاری خۆی پێشکەش‌کرد، دڵخۆش بوو بەوەی وا کەشکۆڵ لە بەردەوامیی کار و ئەرکەکانی‌دا بەم ڕۆژە گەیشتووە و شوێنێکی تایبەت و سەربەخۆی بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانی هەیە. زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و “بنکەی ژین”ی کرد، لەپای پاڵپشتی پێکەوەکارکردنی بەردەوامیان. بنکەی ژینی وەک قوتابخانە و بنکەیەکی زانیاری ناساند کە کاریگەریی گەورەی لە بەرەوپێش‌بردنی پڕۆژەکان‌دا هەبووە و سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاریی کارمەندانی کەشکۆڵ بووە. ئەو هەستە بەتینەی خۆی نەشاردەوە کە لە یەکەم ڕۆژی سەردانی بنکەی ژینەوە، سەرسامی ئەو جێگەیە بووە و لە بیری‌دا ماوەتەوە و بووەتە خولیایەک کە ڕۆژێک بتوانێ ببێتە بەشێک لەم دەزگایە و جێ‌دەستی خۆی لە نەخشی ئەم بنکەیەدا تۆماربکا.

دواتر سەروەر تەها ڤیدیۆیەکی چەند دەقەییی پیشانی ئامادەبووان‌ دا و باسی هاوکاریی ماوەی ڕابردووی نێوان کەشکۆڵ و “بنکەی ژین”ی تێدا کرد؛ بنکەی بە ئامادەبووان ناساند و ئاماژەی بۆ ئەو کتێبخانە دەوڵەمەندە کرد کە بنکەکەمان هەیەتی و خۆی لە ٧٣ هەزار ناونیشان‌دا دەبینێتەوە.

هەروەها سەرجەمی ئەو پێداویستییانەی کە لە لایەن کەشکۆڵەوە بۆ بنکەکەمان دابین‌کرابوون و لە داهاتوودا دەبنە مایەی کارئاسانیی تەواو پیشان‌دران.

دواتر ڕەفیق ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی ژین لە وتارەکەی‌دا زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و کەشکۆڵی کرد لەپای ئەو هاوکارییە مادییە کە پێشکەش بنکەی ژین کراوە و چەند پێداویستێکی گرنگی بنکەکەمانی پێ پڕکراوەتەوە؛ هیوای خواست لە داهاتوودا کاری هاوبەشی زیاتر و پڕۆژەی نوێ ئەنجام‌بدرێن بۆ خزمەتی زانست و وڵات.

پاشان بەڕێز برووس فێرگسۆن، خاتوو ماری و ڕەفیق ساڵح نووسراوی لێک‌تێگەیشتنیان ئیمزاکرد و چەند پارچە مۆسیقایێک بەو بۆنەیەوە پێشکەشی میوانان کرا.