ئەمڕۆ مامۆستای هونەرمەند، خالید سەرکار، لە ڕێگەی مامۆستا حەمەعەلی محەمەد مەعرووفەوە، ٥٠ پەنجا دانە شریتی بەکرەی گۆرانی و مۆسیقای کوردی- عەرەبی- فارسی و دوو کتێبی پێشکەشی بنکەکەمان کرد و ڕێی دا وێنەی ئەلکترۆنیی ٢١ وێنەی خۆی بگرینەوە. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین بەگەرمی سوپاسیاندەکا و هیوای تەمەنی درێژ و لەشی ساغ و ئاسوودەیی بۆ خۆی و خێزانی دەخوازێ.
ژیاننامەی مامۆستا خالید سەرکار
خالید کوڕی شێخ ئەحمەدی شێخ عەزیز، ڕۆژی ١٩٤٧/٦/٢٢ لە دێی گڵەزەردەی نزیکی شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتاییی لە قوتابخانەی کانێسکان و زڕگوێز و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی ١٩٦٦ بە پلەی یەکەم تەواوکردووە. ئەو ساڵە بە مامۆستا دامەزراوە و ساڵانی ١٩٦٧-١٩٧٢ مامۆستای مۆسیقای قوتابخانەکانی سلێمانی و ١٩٧٢ ڕاهێنەری مۆسیقای چالاکیی قوتابخانەکانی سلێمانی و ئەوەبەدوا تا ١٩٩٨ سەرپەرشتی هونەری مۆسیقا بووە لە چالاکیی قوتابخانەکان. لەبەر هەڵوێستی نیشتمانی و بەشدارینەکردنی لە بۆنەکانی ڕژیمی بەعسدا، لە بواری پەروەردە دوورخراوەتەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
ساڵانی ١٩٩٨-٢٠٠٣ پەنابەر بووە لە وڵاتی هۆڵەندا. ٢٠٠٣ بە یەکجاری گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. خێزاندارە و زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و هۆڵەندیش دەزانێ. ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و دامەزرێنەر و ژەنیاری ئامێرەکانی کەمان و عوود بووە لە تیپی مۆسیقای سلێمانی و دامەزرێنەر و ژەنیاری تیپی مۆسیقای شۆڕش بووە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥. ١٩٩٩-٢٠٠٣ دامەزرێنەر و سەرپەرشتی تیپی مۆسیقای کوردستان بووە لە هۆڵەندا و بەشداری بۆنە نێودەوڵەتییەکان بووە. ٢٠٠٠-٢٠٠٣ ئەندام و ژەنیاری ڤایۆلینی یەکەی ئۆرکێسترای سیمفۆنیای درێنتە (D.S.O.) بووە لە هۆڵەندا. دامەزرێنەرێکی ڕێکخراوی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان و دامەزرێنەرێک و ڕاهێنەرێکی تیپی مۆسیقای هونەریی سلێمانی بووە. سێ وەرز (٢٠٠٦-٢٠٠٩) دادوەرێکی بەرنامەی (کوردستار)ی تەلەفزیۆنی کوردستان بووە. ٢٠٠٦-٢٠١٠ سەرپەرشتی پەروەردەی هونەری و ٢٠١٠-٢٠١٣ شارەزا (خەبیر)ی هونەری مۆسیقا بووە.
١٩٦٩-٢٠٠٨ بەشداری هەموو چالاکی و تۆمارێکی تیپی مۆسیقای سلێمانی بووە. ئاوازی بۆ ٩ نۆ ئۆپەرێت داناوە بۆ فیستیڤاڵەکانی پەروەردە و پلەی یەکەمی لە ئاستی عیراقدا بەدەستهێناوە. ئاوازی بۆ ٣ سێ کۆڕاڵ داناوە (هۆ مەچۆ، غەزلێ، لاس و خەزاڵ). ئاوازی بۆ چەندین سروودی نیشتمانی و پتر لە ٢٠٠ گۆرانیی پەروەردەییی باخچەی ساوایان و قوتابیان داناوە. ١٩٧٦-١٩٧٩ سەرپەرشت و ڕابەری تیپی مۆسیقای مامۆستایان و چالاکیی قوتابخانەکان، ١٩٧٦-١٩٧٨ دامەزرێنەر و سەرپەرشتی تیپی مۆسیقای کچانی سلێمانی بووە. سروودە کوردییەکانی کۆکردووەتەوە و نۆتی بۆ داناوە و چوار جار بە کتێب لەچاپدراوە. پڕۆگرامی پەروەردەی مۆسیقا (کتێبی مامۆستا)ی بۆ قۆناغەکانی ١-٩ی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان داناوە. ٣ سێ پارچەمۆسیقای (نیگا ١٩٦٩، شنە ١٩٧٦، کاروان ١٩٧١)ی داناوە. پێشەکیی مۆسیقا و دابەشکردنی بۆ گۆرانیی زۆر لە هونەرمەندان هەبووە، لەوانە: کەریم کابان، ناسری ڕەزازی، حەسەن گەرمیانی، ئەسعەد قەرەداخی، ئاڵا عومەر، پەیمان عومەر، قادر کابان، عوسمان عەلی، عەدنان کەریم، عەبدولقادر حەسەن، عەباس محەمەد، سەلام ئەحمەد.
ئاوازی بۆ درامای گوڵەمێخەکی تیپی پێشرەوی شانۆی کوردی ١٩٧٩، بۆ چەند شانۆنامەیەکی هەمان تیپ ١٩٨٤-١٩٩٤ داناوە. مۆسیقا و گۆرانیی بۆ زنجیرەدرامای تەلەفزیۆنیی (سوڵتان جومعە)ی حسێن میسریی دەرهێنەر ٢٠٠٤ داناوە.