شاندی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەردانی بنکەی ژین

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٥/١٠/١ شاندێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان شوان کەریم کابان، د. عەدالەت عەبدوڵڵا، کەژاڵ ئەحمەد، تانیا کەمال و بورهان ڕەئووف، سەری لە بنکەکەمان دا.
سەرەتا هەموو یەکە و بەشەکانیان لەگەڵ بەسەرکرایەوە و زانیاریی پێویستیان لەبارەیانەوە بۆ باس‌کرا. پاشان دانیشتنێکی دۆستانە سازکرا و باسی ئەرک و ئامانج و کێشە و چاوەڕوانییەکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن کرا، کە مەبەستی بەرودوای ‘بنکەی ژین’ خستنە سەر ڕاستەڕێی بەرچاوڕوونی و دڵنیابوون لە پاشەڕۆژ و درێژەدانە بە کارە پیشەیییەکانی خۆی، بە شێوەیێک کە خزمەتی هەمووان بکا بەبێ جیاوازی، چونکە خۆی بە موڵکی هەمووان دەزانێ. ئەندامانی شاندەکەیش بەگشتی هەم دەست‌خۆشییان لە بەڕێوەبەران و کارمەندان کرد بۆ هەوڵ و تەقەلای دڵسۆزانەیان بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستن و پاراستنی گەنجینەیێکی وەها بەنرخ و ڕزگارکردنی لە فەوتان و هەم ئامادەگییان نیشان دا بۆ هەر هاوکارییەک کە خزمەت بە پەیام و ئامانجەکانی ‘بنکەی ژین’ بکا.