ڕۆژی ٢٠٢٦/١/٧ بەڕێز کرمانج زرار، ئەندامی ئەنجومەنی بنکەی ژین، لە چوارچێوەی چالاکییەکی زانستی و پیشەییدا، سەری لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دا لە شاری نیوویۆرک- وڵاتی ئەمریکا.
لەم سەردانەدا کۆرتنی چارتەر، بەڕێوەبەری بەشی کۆکراوە دەگمەنەکان و دەستنووس، پێشوازیی لێکرد و سەرجەمی بەشەکانی ناو کتێبخانە و ئەرشیفە نایابەکەی خستەڕوو.
پاشان لەگەڵ دەستەی ئەندامانی شارەزای زانکۆکە و بەشە پێوەندیدارەکان کۆبووەوە؛ لەوانە: کەوکەب چەبارۆ (سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی جیهانی)، پیتەر ماگریسکی (بەڕێوەبەری کتێبخانەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلام)، کێڤن شلۆتمان (سەرۆکی بەشی چارەسەری ئەرشیف) و ئیللا جۆردن-سمیث (بەڕێوەبەری دەمڕاستی ئەرشیف) و گفتوگۆکان بریتیبوون لە قسەکردن لەسەر پڕۆسەی ئەرشیف و بەڵگەنامە، هەروەها شێوەکانی بەجێهێنانی پاراستن و شێواز و سیاسەتی دەستڕاگەیشتن بە کۆکراوەکان و بەردەستخستنیان بۆ توێژەرەوەکان.
جگە لەوە، لەو گفتوگۆیانەدا ئاماژە بە ڕۆڵ و بایەخی ‘بنکەی ژین’ درا بۆ پاراستنی کەلەپوور لە کوردستان و عیراق، قسەوباسیش لەبارەی گۆڕینەوەی زانیاریی هاوبەشەوە کرا. ئەوان -لای خۆیانەوە- ئامادەگییان نیشان دا بۆ پاڵپشتی و بەخشینی هەر بابەتێک لە پڕۆسەی ئەرشیفکردندا پێویستبێ و پاشان داوای سەرەکییان ئەوەبوو سەرجەمی بڵاوکراوەکانی ژین بگاتە کتێبخانەی زانکۆی کۆڵۆمبیا.
ئەم سەردانە ئەزموونێکی گرنگ بوو بۆ ژین، بۆ تێگەیشتن لە شێوازە هاوچەرخەکانی کۆکردنەوە و پاراستن کە یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی دنیا پێڕەویدەکا و دەشێ لە داهاتوودا ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی لە پڕۆژە و چالاکییەکانی بنکەی ژیندا هەبێ.