سەردانی “ڕێکخراوی ئازادبوون”

سەعات ٥,١ی پاش‌نیوەڕۆی ٢٠٢١/٥/٢٤ بەشێکی ئەندامانی ئەنجومەنی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” سەری لە “ڕێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆیییەکان” دا لە بنکەکەیان. لەوێ چاویان بە بەڕێزان تەحسین قادر، سەرۆکی ڕێکخراو، نیاز عەبدوڵا جێگری سەرۆک و فەرەیدوون حەسەن، عومەر محەمەد و بابان جەعفەر کەوت و هەردوو لا کۆمەڵێک خاڵیان سەبارەت بە کاروبارە کولتووری و ڕۆشنبیرییەکان و هەل‌ومەرجی کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیێکی هاوبەش‌دا خستە بەر باس و قسەلەسەرکردن؛ هاوڕابوون کە دەبێ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕۆشنبیران یەک‌بکەون و قورسایییەکی کولتوورییان لە ناوشار و پاشان هەرێم‌دا هەبێ، بۆ بەشداری و بڕیاردان لەو مەسەلە و بابەتانەدا کە پێوەندییان بە شار و کولتوورەوە هەیە. هاودەنگ‌بوون کە ئەمەودوا سەردان و پێوەندییان زیاتر و جیددیتر بکەن و پێکەوە پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێ.