سەردانی وەزیری ڕۆشنبیری

سەعات ٩,٥ی سەرلەبەیانیی یەک‌شەممە ٢٠٢١/١٢/٥ بەڕێزان کاکەحەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و مامۆستا ئەیووب ڕۆستەم، ڕاوێژکاری وەزارەت، سەریان لە “بنکەی ژین” دا. ئەندامانی ئەنجومەنی بنکە لە پێشوازییان‌دا بوون و پێکەوە کۆبوونەوە. هەردوو لا قسەیان سەبارەت بە مەسەلە هاوبەشەکانی تایبەت بە کاروبارەکانی بنکەکەمان کرد و هاوڕابوون لەسەر ئەم سێ خاڵە کە تەوەری سەرەکیی بابەتەکانی جێی باس بوون:
١. ناچاریی هەوڵدان بۆ دابینکردنی پێویستیی داراییی بنکەی ژین، وەک دەزگایەکی ئەرشیفیی گرنگی هەرێم، کە ناگونجێ کارەکانی بەهۆی کێشەی دارایییەوە پەکیان‌بکەوێ.
٢. پێکهێنانی لیژنەیەک لە دوو نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و دوو نوێنەری بنکەی ژین و قانوونناسێک، بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەک سەبارەت بە چۆنایەتیی کارکردنی بنکەی ژین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک‌دا کە سەربەخۆیی و بەردەوامیی بنکەی ژین دابین‌بکا.
٣. پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی ڕاوێژکاری کرا بە سەرۆکایەتیی بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و ئەندامێتیی نوێنەرانی هەر یەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی، دەزگاکانی سەردەم، ئینیستیتووتی کەلەپووری کورد، جەمال عیرفان و بنکەی ژین، بۆ هاوئاهەنگی و چالاکیی هاوبەش و بەرنامەڕێژی.