سەردانی نوینەری کتێبخانەی نیشتمانیی فەڕەنسە

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٠٢١/١١/٨ (دووشەممە) بەڕێز زەکەرییا حەفار، نوینەری کتێبخانەی نیشتمانیی فەڕەنسە، سەری لە “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” دا، بۆ بەدواداچوونی هەنگاوەکانی جێ‌بەجێ‌کردنی ڕێککەوتنی ئیمزاکراوی نێوان هەردوو لا کە ئەم‌ساڵ دەستی‌پێ‌کرا، بۆ وێنەگرتنەوەی ئەلکترۆنیی کۆمەڵێک کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی کۆنی کوردی، بەپێی شێوە و مەرجەکانی ئەو کتێبخانەیە و پاشان نیشاندانی بە لۆگۆی بنکەوە لە پێگەی ئەلکترۆنیی گاللیکا. بەڕێزیان پاش ئەوەی لەگەڵ بەڕێز ڕەفیق ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی ژین، بەشە جیاجیاکانی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنایەتیی بەجێ‌هێنانی کارەکانی تایبەت بە ڕێککەوتنەکە بوو، شادمان‌بوو بە شێوەی بەڕێوەچوونی کارەکان و چوار پڕۆژەی نوێی خستە بەرچاو و ڕوونی‌کردەوە کە بنکەی ژین دەتوانێ کەڵک لەو پڕۆژە نوێیانە ببینێ بۆ خزمەتی ئامانجەکانی و زیاتر پەرەپێدانی کاروباری خۆی. هەردوو لا هیوایان خواست ئەم پێوەندییانە گەشەپێ‌بدەن و بیانخەنە ئاستێکی بەرزتر، بە چەشنێک کە خێر بۆ هەمووان بداتەوە.