سەردانی مامۆستایانی کۆلیجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی

پێش‌نیوەڕۆی دووشەممە ٢٠٢٥/٤/٢٨ شاندێکی کۆلیجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی، کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان د. خالید ئەحمەد مستەفا، ڕاگری کۆلیج و سەرۆکی بەشە زانستیەکان و بڕیاردەرانی بەشەکان و کۆمەڵێک مامۆستای کۆلیجەکە، سەریان لە بنکەکەمان دا.
سەرەتا کۆبوونەوەیەک لە هۆڵی ڕۆژنامەوانی ڕێک‌خرا. پێشەکی د. خالید خۆشحاڵیی کۆلیجی بەم دەزگایە و پێوەندیی زانستیی نێوان زانکۆی سلێمانی و بنکەی ژین دەربڕی. پاشان هەریەکە لە د. سەڵاح عەزیز و ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح و عەلی وەهاب ڕەزا، باسی ئەرک و ئامانجەکانی بنکە و بایەخی کۆکراوەکانی بنکەیان کرد و ئامادەگیی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنیان نیشان دا بۆ هەموو هاوکارییەک.
د. خالید پێشنیازی‌کرد بە نووسراوێکی فەرمی داوا و شێوەی کاری نێوان هەردوو لا بخاتە بەردەستی بنکەی ژین؛ لەوانە: سازکردنی سیمینار بۆ بەڕێوەبەرانی بنکە لە کۆلیجی زانستە ئیسلامییەکان، تەرخانکردنی بەشێکی مامۆستایانی کۆلیج بۆ یارمەتی و هاوکاریی بنکە، ڕاسپاردنی خوێندکارانیان بۆ ئامادەکردنی پێڕستی دەستنووسی زانایانی کورد و دەرهێنانیان لەناو پێڕستی وڵاتانی‌تر و حسێبکردنی ئەم کارە بە توێژینەوەی دەرچوون، کردنەوەی خولی فێربوون بۆ خوێندکاران، … هتد. پاشان میوانانی بەڕێز سەرجەمی یەکە و بەشەکانیان لە نزیکەوە بینی و سەرەنجامیش شادمان‌بوون بەم دەسکەوتە زانستی و ئەرشیفییەی کوردەواری.